مەسرور بارزانی : پشتیوانیی خۆمان بۆ داخوازییە رەواکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان دووپات دەکەینەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جێنۆسایدی ئێزدییان و کۆمەڵکوژی شنگال پەیامێکی بڵاو کردەوە و لە بەشێکی هاتووە: لەم یادە خەمگینەدا، بە رێز و شکۆوە یادی هەموو قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە، هەروەها بە پێزانینێکی زۆرەوە یادی خۆڕاگری و قارەمانیەتی و قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە رێبەرایەتیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەینەوە ، کە ئەفسانەی چەکدارە تیرۆریستەکانی داعشیان تێکشکاند و شنگالیان رزگار کرد و داستانێکی مێژووییان تۆمار کرد.

مەسرور بارزانی دەشڵێت:” بە داخەوە دوای تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بەسەر کارەساتەکەدا ، کەچی هێشتا بارودۆخی دەڤەری شنگال ئاسایی نەبووەتەوە و بەهۆی خۆسەپێنی میلیشیا و گرووپە چەکدارە نایاساییەکانەوە

دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جێنۆسایدی ئێزدییان و کۆمەڵکوژی شنگال

نۆ ساڵ لەمەوبەر، تیرۆریستانی داعش هێرشێکی دڕندانەیان کردە سەر شنگال و دەوروبەری و بەوهۆیەوە، هەزاران كەس لە دانیشتووانی ئەو دەڤەرە، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن و ئاوارە کران.

لەم یادە خەمگینەدا، بە رێز و شکۆوە یادی هەموو قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە، هەروەها بە پێزانینێکی زۆرەوە یادی خۆڕاگری و قارەمانیەتی و قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە رێبەرایەتیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەینەوە ، کە ئەفسانەی چەکدارە تیرۆریستەکانی داعشیان تێکشکاند و شنگالیان رزگار کرد و داستانێکی مێژووییان تۆمار کرد.

دەستخۆشی لە هەموو ئەو وڵاتانە دەکەین کە تاوانەکانی تیرۆریستانی داعشیان لە دژی کوردی ئێزیدی بە فەرمی بە جێنۆساید ناساندووە . هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکار و یارمەتیدەرمان بێت لە کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان .

بە داخەوە دوای تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بەسەر کارەساتەکەدا ، کەچی هێشتا بارودۆخی دەڤەری شنگال ئاسایی نەبووەتەوە و بەهۆی خۆسەپێنی میلیشیا و گرووپە چەکدارە نایاساییەکانەوە، خوشک و برا ئێزدییەکانمان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان و ناوچەکە ئاوەدان نەکراوەتەوە.

لەم یادەدا، پشتیوانیی خۆمان بۆ داخوازییە رەواکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان دووپات دەکەینەوە و پێویستە کۆتایی بە دۆخی نائاسایی شنگال بهێنرێت. هەروەها جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی ئەو هێزە نایاساییانەی لە ناوچەکەدا هەن دەکەینەوە، بۆ ئەوەی بە هاوکاری حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەڤەرەکە ئاوەدان بکرێتەوە و دەسەڵاتی ناوچەکەش بگەڕێتەوە دەست خەڵکی ڕەسەنی شنگال.

سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کۆمەڵکوژی شنگال و گشت شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2023/8/3

Back to top button