ئەمەریکا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و هۆڵەندا پێشوازی لە دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن
باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و کونسوڵخانەی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا و باڵیۆزی ئیتاڵیا لە بەغدا رایانگەیاند، پشتیوانی لە دیاریکردنی کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند: پێشوازی لە راگەیەندراوەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 25 ی شووباتی ساڵی 2024 دەکەین.
کونسوڵسی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر بڕیاری سەرۆکایەتی هەرێم بۆ دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بڕیارێکی گرنگ لە قەڵەم دەدات و رایگەیاند، پشتگیری تەواوی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە و گشتگیر دەکەن بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بتوانن مافی دەنگدانیان هەبێت.
باڵیۆزی ئیتاڵیا لە بەغدا لە تویتێکدا رایگەیاند، پێشوازی لە بڕیاری سەرۆکایەتی هەرێم دەکەن بۆ دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن کە 25ـی شوباتی 2024ـەیان دەستنیشان کردووە.
کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد بەشدارییەکی بنیاتنەرانەیان هەبێت لەپێناو دڵنیابوونەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە و گشتگیر لەکاتی گونجاودا.