ئاسایشی هەولێر ئەو زاوایەیان دەستگیرکرد کە خەسوو، خەزوور و هاوژینەکەی لە کەرکووک کوشت
لە راگەیاندراوێکدا ئاسایشی هەولێر دەستگیر کردنی زاوایەیان راگەیاند کە خەسوو، خەزوور و هاوژینەکەیی لە کەرکووک کوشت.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند:” دواى ئەوەی لە رێکەوتی ٣ی٨ی٢٠٢٣ لەگەڕەکی کەرامەی شاری کەرکووک تۆمەتبارێک بەناوی (ه ، م ، ع ) بەچەک هێرشی کردە سەرماڵی خەزووری و بووە هۆی کوژرانی خەزووری بەناوی (ئەحمد عەباس سالح ) و خەسووی بەناوی (شلێر سالح) و خێزانی تۆمەتبارەکە بەناوی (فێنک ئەحمد عەباس ) و بریندار بوونی کوڕە خەزوورەکەی بەناوی (محەمەد عەباس سالح)،
راشیگەیاند:” زانیاریمان بەدەست گەیشت کە تۆمەتبارەکە بەرەو شاری سلێمانی هەڵاتووه ، دواتر بۆمان دەرکەوت کە تۆمەتبارە دێتە شاری هەولێر، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لەلایەن تیمەکانمان لە(بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر)توانیمان تۆمەتبار(ه ، م ،ع) دەست نیشان بکەین، دوای وەرگرتنی رەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ناوەخۆ و بەڕێوەبەرايەتی پۆلیسی هەولێر و بەڕێوەبەرايەتی بازگەكان دەستگیرمان کرد، رێکاری یاسای بەرامبەر گیراوەتە بەر.