سهرۆكی حکومەت پێشوازى له پاتریارک كاردينال لویس ساكۆ دەکات
ئهمڕۆ یەکشەممە 6ـی ئابی 2023، مەسرور بارزانى سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له كاردینال لویس ساكۆ، پاتریارك و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان و شاندێكی یاوەری كرد کە لە ژمارەیەک لە مەتڕانەکان پێکهاتبوو.
له دیدارەکەدا، پاتریارک کاردینال لویس ساکۆ، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆکی حکومەت و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ ئەو پێشوازی و پشتیوانیەی لێیکراوە و ستایشی دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جیاوازەکانیشی لە هەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆکی حکومەت نیگەرانی خۆی لەبارەی کشاندنەوەی مەرسومی کۆماری سەرۆک کۆماری عێراق تایبەت بە پاتریارک کاردینال لویس ساکۆ و کەنیسەی کلدانی دووپات کردەوە و هیوای خواست، ئەو هەڵەیە راست بکرێتەوە.
سەرۆکی حکومەت هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە مەڵبەندی پاراستنی مافی گشت پێکهاتەکان و ئازادی ئایینی دەبێت و پاڵپشتی لە پێکهاتەی کریستیانەکان دەکات کە بە ناهەق لە لایەن هەندێک لایەنی نا بەرپرسەوە، رووبەڕووی پاکتاوی ئایینی دەبنەوە و داکۆکی لە پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و ئایینەکان دەکەین و دژی گۆڕینی دیمۆگرافی بەزۆر، دەوەستینەوە.