سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ دەکات

ئه‌مڕۆ دووشەممە 7ـی ئابی 2023، مەسرور بارزانی سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ڤۆلکەر تورک کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ و شاندێکی یاوەری کرد.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە گەلی کوردستان، لە درێژایی مێژوودا ، دووچاری چەندین کۆمەڵکوژی و جێنۆساید و پێشێلکردنی مافەکانی بووەتەوە و قوربانییەکی زۆری لە پێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی داوە ، بۆیە زۆر بە گرنگییەوە لە پرنسیپەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەهاکانی ئازادی و دیموکراسی دەڕوانێت و داوا دەکەین کۆتایی بە پێشێلکردنی مافەکانی گەلەکەمان بێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتیمان بدات بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانمان و پێویستە ڕێگە بگرن لە دووبارەبونەوەی کارەسات و جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت هەروەها کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییە گشتگیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، بە تایبەتی پلانی پەسەندکراوی پێنج ساڵەی حکومەتی هەرێم تایبەت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و توندڕۆیی و بەتایبەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان.
دووپاتیشی کردەوە کە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان، بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، سوپاسی هاریکاری و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بەتایبەتی لە بوواری پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.
بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتە نەرێنییە هەمەلایەنەکانی گۆڕانی کەشو هەوا لە سەر ژیانی مرۆڤ و برەودان بە هۆشیاری ژینگەپارێزی ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.

 

Back to top button