وەزیری ناوخۆی بەریتانیا: سوپای پاسداران گەورەترین مەترسییە لەسەر ئاسایشی نەتەوەییمان
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی (زە سەندەی تایمز)ی بەریتانی، بەریتانیا سوپای پاسدارانی ئێران بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەی دەزانێت و پێی وایە، سوپای پاسداران دەستیان لەگەڵ هەندێ باندەكانی نتاوانكاری تێكەڵ كردووە.
سۆیلا براڤەرمان، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، کە سوپای پاسداران گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا و بەپێی گێڕانەوەی سەرچاوەی نزیک لە براڤەرمان، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ترسی ئەوەی هەیە، کە سوپای پاسدارانی ئێران، چالاکییەکانی لە ناوخۆی بەریتانیا زیاتر و چڕتر بكات، بە جۆرێك، بە سوودوەرگرتن لە باندە تاوانکارەکان، هێرش بكاتە سەر نەیارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوخۆی بەریتانیا.
هەمان سەرچاوەی باسی لەوەش كردووە، چەند مانگێک لەمەوبەر و بەتایبەتی لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا، پۆلیسی دژەتیرۆری بەریتانیا رایگەیاندووە، کە ١٥ پیلانی ئێرانیان بۆ رفاندن و کوشتنی هاووڵاتیی خاوەن دوو رەگەزنامەی بەریتانی و ئێرانی پووچەڵ کردووەتەوە.