سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق دەكات

رۆژی سێشەممە 8ی ئابی 2023 لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ستیڤن هیتچن باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا كە خاتوو رۆزی كەیڤ كونسوڵی بریتانیا لە شاری هەولێریش ئامادەیبوو، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی عێراق و ناوچەكە و دواپێشهاتەكانی ناو پڕۆسەی سیاسی عێراق و هەروەها پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و سەردانی شاندی پارتی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.

هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و جەخت لە پێویستی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان كرایەوە.

لە بەشێكی تری ئەو دانیشتنە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق خۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە ئەو ئەركەی پێسپێردراوە لە عێراق كار بكات و لە ماوەی كاركردنیدا لەگەڵ سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندیدا بێت. هەروەها پاڵپشتی وڵاتەكەشی بۆ پڕۆسەی سیاسی هەرێم و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان و فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا بە سەرۆك بارزانی راگەیاند.

Back to top button