حکومەتی هەرێمی کوردستان فۆڕمی دابەشکردنی 9,000 یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ کەمدەرامەتان کارا کرد

حکومەتی هەرێمی کوردستان فۆرمی وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتییانی کەمدەرامەتی هەرێمی کوردستان کارا دەکات و وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەڵیت، هاووڵاتییان تاوەکو 1ـی کانوونی یەکەم کاتیان هەیە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە.

رۆژی سێشەممە، 8ـی ئابی 2023 دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، “هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە کە پێگەی ئەلیکترۆنی تایبەت بە پێشکێشکردنی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوون کە بەپێی یاسای ژمارە 16ـی ساڵی 2012ی یاسای نیشتەجێبوون تایبەت بە یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت لە هەرێمی کوردستان دەرکراوە، ئەمڕۆ کارا دەکرێت و ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بە شایستە دەزانن، لە ئەمڕۆوە دەتوانن فۆرم پڕبکەنەوە”.

دانا عەبدولکەریم گوتیشی، “فۆرمەکە بە هاوکاری و پێشنیازەکانی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان ئامادەکراوە. کاراکردنی ئەم پێگەیە بۆ ئەوەیە هاووڵاتییان بتوانن داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن و پڕکردنەوەی فۆڕمەکەش تاوەکو 1ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت”.

بڕیارە دوای تۆمارکردنی ناوەکان، بەپێی یاسای نیشتەجێبوون، خاڵبەندی بۆ داواکارییەکان بکرێت و دواتر لەلایەن لیژنە تایبەتەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت. بە گوتەی وەزیری ئاوەدانکردنەوە، “دواتر ناوەکان ئاراستەی ئەو لیژنانە دەکرێت کە لە چوارچێوەی یەکە کارگێڕییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندان. هەر یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە سنووری شار و قەزا و ناحیەکان دروستکرابێت، لەو سنوورە لیژنەیەک دروستدەکرێت بۆ پەسندکردنی خاڵبەندییەکە و لەسەر بنەمای ئەو پەسندکردنە، یەکەکان بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشدەکرێت”.

بڕیارە حکومەت 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتییانی کەمدەرامەت لە هەرێمی کوردستان دروستبکات. وەکو وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاماژەی پێدەدات، “بەشێکی ئەو یەکانە تەواوبوون و بەشەکەی دیکە کاریان تێدا دەکرێت. ژمارەی ئەو یەکانەی تەواوبوون، نزیکەی نۆ هەزار و چوار یەکەی نیشتەجێبوونە و بەبێ پێشەکی و بە قیستی 25 ساڵ دەدرێتە کەسانی کەمدەرامەت”.

دەتوانن لەڕێگەی ئەم بەستەرەوە فۆرمەکە بەشێوەیەکی ئۆنڵاین پڕبکەنەوە.

Back to top button