مەریوان قەرەنی بۆ حامیدی حاجی غالی: یەكێتی لە لایەن هەواڵگری هەندێك وڵاتەوە دروست كرا تاوەكو ناوبانگی كورد و كوردستان لەكەدار بكات

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند: ”حامیدی حاجی غالی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لە چوارچێوەی ئەو فشارانەی کە سەركردەكانی یەكێتی لەسەریانە بۆ خۆدەربازكردن لەو خیانەتە گەورەیەی كە لە گەلی كوردستانیان كردووە، هێندراوەتە سەر میدیای فەرمی یەكێتی و بانگەشەی ئەوەی پێكراوە گوایە ئەوان شۆڕشیان بۆ كورد كردووە و پارتی بەوە تۆمەتبار كردووە كە باوەڕی بە دادگا نییە، هەرچەندە ئێمە لە بارودۆخی پەرێشانی ئەو برادەرانەی یەكێتی تێدەگەین و دەزانین ناچار كراون قسەگەلێك بكەن كە خۆیان باوەڕیان پێ نییە، بەڵام بێدەنگبوونیش لە هەندێك تۆمەت وادەكات خەڵكێك وابزانن ئەو چەواشەكارانە راست دەكەن.“

روونیشی كردەوە: ”بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان و قسەی خودی سەركردەكانی یەكێتی و یاداشت و بیرەوەرییەكانیان، یەكێتی لەوەتەی دامەزراوە، لەسەر دوو پایە وەستاوە، یەكەمیان تیرۆر و كوشتوبڕی ناوخۆی كوردستان، دووەمیان خیانەتكردن لە كوردستان، هەردوو پایەكەش لە زەرەری خەڵكی كوردستانە.“

مەریوان قەرەنی باسیشی لەوە كرد كە ئەو شۆڕشی نوێیەی یەكێتی بانگەشەی بۆ دەكات، ”لە درۆیەك زیاتر نییە.“ و گوتی: ”یەكێتی هیچ شۆڕشێكی نەكردووە، بەڵكو یەكێتی لە لایەن هەواڵگری هەندێك وڵاتەوە دروست كرا تاوەكو ناوبانگی كورد و كوردستان لەكەدار بكات، هەر لە ساتی دروستبوونی تاوەكو ئەمڕۆ هیچ لایەنێك نەماوە ئەو حیزبە شەڕی لە دژ نەكات. زەرەرێكی زۆری لە خەڵكی كوردستان داوە و بەشێكی زۆری ئەو گوندانەی ئەنفال كراون دەستی یەكێتی تێدا بووە، تەنانەت هەڵەبجەش كە كیمیاباران كراوە هەر دەستی یەكێتی تێدا بووە و چەند رۆژێك پێشتر سوپای پاسدارانی هێناوەتە ناو شارەكەوە.”

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گوتیشی، سەركردەكانی یەكێتی ناچار كراون بۆ بەرگری کردن لە حیزەکەیان ئەو قسانە بکەن بۆ نموونە حامیدی حاجی غالی تۆمەتی ئەوە دەداتە پاڵ پارتی گوایە باوەڕی بە دادگا نییە، لە كاتێكدا هەموو خەڵك دەزانێت ئەوە تەنیا پارتییە لەوەتەی هەیە باوەڕی بە دادگایە، لە بەرامبەریشدا یەكێتی لە هیچ ناكۆكییەكدا پشتی بە دادگا نەبەستووە، هەر دوور نەڕۆین، ئەو حامیدی حاجی غالییە كوڕێكی هەیە بە ناوی رێبوار كە لەگەڵ لاهور جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی ماوەتەوە، ئێستا یەكێتی بۆی بسوڕێ و رێبوار تەنیا یەك رۆژ لە سلێمانی بە ویستی خۆی بسووڕێتەوە، دوور نییە وەك هاوكار جاف و ئاكام عومەر ئۆتۆمبێلەكەی بتەقێندرێتەوە، یان وەك موراد كانی كوردەیی بكوژرێ، یانیش وەك كاروانی عەلی شامار فیلمێكی بۆ دروست بكەن و بڵێن بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست دا!”

 

Back to top button