داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان داوای رادەستکردنی وەهاب هەڵەبجەیی دەکات
بەداخەوە ماوەیەکە لە سنوری دەڤەری سلێمانی ، بەکارهێنانی دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و ناکۆکییە ناوخۆیی و حیزبیی و کەسییەکان ، رۆژبەرۆژ روو لە زیادبوونە لە کاتێکدا پێویستە دەزگای ئەمنییەکان کە دەزگای فەرمی حکومەتن ، ئەرکیان پاراستنی ئارامی و ئاسایشی نشتیمان و سەروماڵی هاووڵاتیان و پارێزگاریکردن لە دۆخی پێکەوە ژیان و ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی بێت و نابێت هیچ دەزگایەکی ئەمنی ببێتە دەزگایەکی کەسیی و بە مەبەستی تایبەت بڵاوبکەنەوە لەو روانگەیەوە رایدەگەیەنین کە هەندێک تۆمەتباری داواکراو لە لایەن دادگاوە هەن پێویستە رادەستی یاسا بکرێن و لە بەردەم دادوەردا ئامادە بن تا دادگا رێکاری یاسایی خۆیی بەرامبەریان بگرێتە بەر.
بە پێچەوانەوە ئامادەنەبوون لە بەردەم دادوەر و پشتگوێخستنی داواکاری دادگا و رادەستنەکردنی داواکراوان بە یاسا ، دەرفەتی زیاتر دەداتە ئەو تۆمەتبارانە کە پەنا بۆ کردەوەی قێزەونی دیکە ببەن و حاڵەتەکانی تیرۆر و کوشتن و رفاندن و تۆقاندنیش لەسەر دەستیان روو لە زیادبوون بکات و کۆمەلگە بە گشتی ، لە ترس و دڵەراوکێ نائارامیدا بێت.
سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان
#Xwakurk #خواکوڕك