ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
ئەمڕۆ چوارشەممە 9ـی ئابی 2023، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و له كۆبوونهوهكهدا چهند بڕگه و بابهتێك تاوتوێ و پهسند كران.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا خرایەڕوو کە تایبەت بوو بە گەڵاڵەکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی بە هاوبەشی و پێکەوەیی لەنێوان حکومەتی فیدڕاڵی و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق کە بەرهەمهێنەری نەوت و گازن، ئەویش پشتبەست بە ماددە دەستوورییەکانی پەیوەندیدار بە کەرتی نەوت و گاز.
سەرۆک وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لەوەی دەبێت لە گەڵاڵەکردنی یاسای نەوت و گاز لەسەر ئاستی عێراقی فیدراڵ، ماددەکانی دەستووری عێراق تایبەت بە کەرتی نەوت و گاز بکرێنە بنەما و هەروەک لە دەستووریشدا بە روونی هاتووە، ئەم پڕۆژەیاسایە دەبێت بە رەزامەندی حکومەتی فیدڕاڵی و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی بەرهەمهێنەری نەوتی عیراق بێت و رەنگدانەوەی بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی عێراق بێت وەک لە دەستووردا جێگیرکراوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە رێز لەو رێککەوتننانە بگیرێت کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال تایبەت بە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان واژوو کراون.
ئەنجومەنی وەزیرانیش دووپاتی بایەخی هەبوونی یاسای نەوت و گازی لەسەر ئاستی عێراق کردەوە بە مەرجێک بەپێی بنەماکانی رێکخستنی ئەم کەرتە بێت و سیستەمی فیدرالی عێراق بێت وەک لە دەستووردا هاتووە.
پاشان لە بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوەکەدا، کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رەشنووسی (پەیڕەوی سندوقی چاودێری و شیاندنی کەسانی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵایان) خستەڕوو کە لەبەر رۆشنایی یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2011 ئامادەکراوە و ئامانج لێی دەستبەکاربوونی سندوقەکەیە تا داهاتەکانی بەدەستهاتووی ئەم بوارەی تێدا کۆبکرێتەوە و جارێکی تر خەرج بکرێتەوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ کەسانی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵایان لە رێگای فەراهەمکردنی چاودێری و شیاندن و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بۆیان و پاڵپشتیکردنیان لە گشت بوارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و فێرکاری و بە گوێرەی پەیڕەوەکە، ئەنجومەنێکیش بۆ بەڕێوەبردنی سندوقەکە پێکدێت کە نوێنەرانی رێکخراوەکانی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵایان لەخۆ دەگرێت و ئەوانیش هاوتای لایەنە حکومیيەکان بڕیاردەر دەبن لە بەڕێوەبردنی سندوقەکە.
دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پەیڕەوەکەی پەسەند کرد و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی راسپارد بە هەماهەنگی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و رێکخراوەکان، رێکاری پێویست بگرنەبەر لە دوای کەوتنەبواری جێبەجێکردنی پەيڕەوەکە.