وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری کفری کرد

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: هاتنم بۆ کفری لەسەر راسپاردەی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی بووە، ئەو هەر لە یەکەم رۆژەوە بۆ پێداویستییەکانی شاری کفری لەسەر هێڵە، دەشڵێت: هاووڵاتییانی کفری کۆمەڵێک کێشەیان هەیە کە جیاوازە لەشوێنەکانی دیکە، بەهۆی ئەوەی زیاتر لە 80% نەخۆشەکانی ئەو دەورووبەرە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان روو لە شاری کفری دەکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەر، هەروەها تێکۆشەرانی ئەم سنوورە شایستەی ئەوەن زیاتر خزمەت بکرێن.

گوتیشی: ئێمە لەیەکەم رۆژەوە هەڵسەنگاندمان بۆ داواکارییەکان کردووە و بەشێکیان جێ بەجێکراوە، بەشێکیشیان پێویستی بە ئامادەکارییە، ئێمەش ئامادەکارییەکانمان  لەماوەی دوو هەفتەی رابردوو تەواو کردووە، و دەیخەینە بەردەستی لایەنی پەیوەندار لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی، هەروەها بەڵێنمان داوە بەگوێڕەی توانا کێشەکە چارەسەر بکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە قۆناغی یەکەمدا لەگەڵ تیمی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی توانیمان دوو پزیشکی پسپۆڕی سڕکردن، کە بڕبڕەی نەشتەرگەرییە دابین بکەین، ئەمەش ژمارەی گواستنەوەکان بۆ ناو شارەکان کەمتر دەکاتەوە.

قۆناغی دووەمیش، دابین کردنی ژمارەیەکی خێرا بۆ ئەمبولانسەکان کە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی کفری لەسەر هێڵین، کە خزمەتگوزاری 122 بکرێتەوە لەناوشاری کفری. تاکو هاووڵاتیان لەناوشاری کفری سوود لەو خزمەتگوزارییە وەربگرن، هەروەها دابینکردنی سیتی سکان و ئێم ئار ئایە کە ئەم دوو ئامێرە زۆر گرنگ و ستراتیژییە، بۆ ئەوەی پێویست نەکات هاووڵاتی بچێتە شارێکی دیکە.

 

Back to top button