وەزارەتی پەروەردە بڕیارێک لەبەرژەوەندی مامۆستایانی وانەبێژ دەردەکات

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی گشت بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی کردووە، ئاماژەی بەوەکردووە، لە هەر ناوەندێکی خوێندنی حکومی کاتێک مامۆستای وانەبێژی دانەمەزراو بەشەوانەی پێویستی نابێت، بەڕێوەبەری باخچەی منداڵان یان قوتابخانە نابێت پێیان بڵێت کارتان تەواوبووە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، لە هەر ناوەندێکی خوێندنی حکومی کاتێک مامۆستای وانەبێژی دانەمەزراو بەشەوانەی پێویستی نابێت، پێویست نییە بەڕێوەبەری باخچە یان قوتابخانە یان خوێندنگە پێیان بڵێت کە کارتان تەواو بووە، بەڵکو دەبێت بە لیستێک نووسراو بکات بۆ پەروەردەی قەزاکە وردەکاری ناو، بڕوانامە، پسپۆڕی، ساڵانی خزمەتی وانەبێژی و ژمارەی بەشەوانەی ساڵی رابردوو (2022-2023) و ژمارەی ئەو بەشەوانانەی کە بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2024) دەمێنێتەوە یان بۆ نامێنێتەوە بنووسێت”.
لەبارەی رێکارەکانیشەوە، لە نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە کە واژۆی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، پێویستە پەروەردەی قەزاش هەموو ئەو ناوانەی کە بۆی دێت بیانکاتە لیستێک و لەو شوێنانەی کە بۆشایی مامۆستایان هەیە سوودیان لێوەربگیرێتەوە، لە شوێنی ئەوانەی ئەمساڵ وەک مامۆستای راهێنەر و سەرپەرشتیاری نوێ دەستبەکاربوونە، لەگەڵ بوونی مۆڵەتی خوێندن و منداڵبوون و بێمووچە و چاودێری کۆمەڵایەتی.
هەروەها وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوای ئەو پرۆسەیەش هەر مامۆستایەک زیادبوو، بە لیستێک لە بەرێوەبەرایەتی گشتی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان تا 4ـی ئەیلوولی 2023 بۆ وەزارەتی بنێرن و دواتریش بڕیاری پێویست و گونجاویان لەبارەوە دەدرێت.
مامۆستایانی وانەبێژ بەگوێرەی رێنماییە دارایی ژمارە (14)، شەش رێنمایی بۆ چارەسەری کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ دەرچوو، کە تایبەتە بە دیاریکردنی کرێی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو بەپێی گوند و شارەدێ و سەنتەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان به‌ لەبەرچاوگرتنی بڕوانامەكانیان، مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
هاوکات وەزارەتی پەروەردە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی لە هەوڵی ئەوەدان کە مامۆستایانی وانەبێژ بکرێن بە گرێبەست و بۆ ئەو مەبەستەش بودجەی پێویست تەرخانکراوە و دوای وەرگرتنی رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

Back to top button