فەرەنسا گەورەترین پرۆژەی وەبەرھێنان لەسـەر ئاستی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەکەرتی کشتوکاڵیدا لە کوردستان ئەنجامدەدات

بڕیارە فەرەنسا گەورەترین پرۆژەی وەبەرھێنان لەسـەر ئاستی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەکەرتی کشتوکاڵیدا لە کوردستان ئەنجامبدات.

دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:”  د.محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لەگەڵ رودولف ریشارد جێگری کونسـوڵی گشتی فەرەنسا لە ھەولێر و شاندێکی یاوەری کۆبویەوە و کە ھەریەک لە بەرپرسی بەشی ئابووری کونسوڵخانە و بەڕێوەبەری کۆمپانیای سیرسیزی فەرەنسی ئامادەی بوون تێدا، باس لە ئەنجامدانی گەورەترین پڕۆژەی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی تایبەت بە چاندنی دارو درەخت و هەروەها کردنەوەی نەمامگەیەکی مۆدێرن و سەردەمیانە لە سنووری پارێزگای هەولێر کرا.

ئەوەش خراوەتە روو کە،” پرۆژەکە لەسەر رووبەری ٢٥ دۆنم زەوی و لەقۆناغی یەکەمدا ٥٠٠ جۆر لە دارودرەخت کە ٦٠٠ ھەزار شتڵ و دارودرەخت لەخۆ دەگرێت دەچێندرێت، بەمەش دەبێتە مەزنترین پڕۆژەی کشتوکاڵی کە هەزاران دەرفەتی کار بۆ جووتیاران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت .

پالمێر ( Palmer project ) ناوی پڕۆژەکەیە و لەهەریەک لە وڵاتانی مۆریتانیا و سەنیگال و مەغریب و ساحل عاج ئەنجامدراوە .

دەستەکە باسی لەوەشکردووە:” لەچەند رۆژی داهاتوو دەست بە رێکارەکانی ئەنجامدانی پڕۆژەکە دەکرێت و بە تەواوبوونی دەبێتە گەورەترین پڕۆژە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراو و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست .

Back to top button