تورکیا و عێراق بەمەبەستی لێدان لە پەکەکە سەرقاڵی نوێکردنەوەی رێککەوتنێکی نێوانیانن
عێراق و توركیا لهسهر چهند پرسێك دهیانهوێت رێككهوتنێكی پێشووی سەردەمی حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی نوێ بكەنەوە. لە یەکێک لە خاڵەکانی رێككەوتنەكەدا تورکیا مەرجی لێدان لە پەکەکەی داناوە بەرامبەر بە بەردانەوەی ئاو.
عێراق لە قەیرانێكی گەورە و قووڵی كەمی ئاودایە و ”لە ساڵی 2040 عێراق لە وڵاتی دوو رووبارەوە دەبێتە وڵاتی بێ ڕووبار“، ئەو قەیرانە گەورەیە وای كردووە، حكومەتی ئێستای عێراق بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سوودانی، بۆ رێككەوتنێكی پێشووی سەردەمی حكومەتی حەیدەر عەبادی بگەڕێتەوە، كە یەكێك لە خاڵەكانی رێككەوتنەكە هەڵكردنی گڵۆپی سەوزی عێراقە بۆ هاتنی سووپای توركیا بۆ لێدان لە پێگەكانی پەكەكە لە قەندیل و شنگال، ئەوەش لە بەرامبەر بە بەردانەوەی ئاوی زیاترە لەلایەن توركیاوە بۆ رووباری دیجلە و فورات، كە ئێستا لە چەند ناوچەیەكی عێراق بەهۆی كەمی ئاوەوە وشك بوون.
بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان، حكومەتی عێراق بۆ رێككەوتنەكەی، ئێستا لە چاوەڕوانی دیاریكردنی سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغاندایە بۆ بەغدا، تاوەكو قسەی كۆتایی لەسەر ئەو پرسە بكرێت و رێككەوتنەكەی سەردەمی حەیدەر عەبادی، كە لەگەڵ توركیادا كردوویەتی، نوێ بكرێتەوە.
رۆژی 3ی ئابی 2023، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشكرای كرد، وا بڕیارە هەفتەكانی كۆتایی ئەم مانگە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بەغدا بکات و تاوتوێی دۆسیە هەڵپەسێردراو و هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات بکەن، هەروەها ئەگەری زۆرە، لەم سەردانەیدا فیدان لەگەڵ بەغدا، تاوتوێ سەردانەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەغدا بكەن.
رێکكەوتنەکە لە سەردەمی حکومەتی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراقدا كراوە، كە عێراق لەبەرامبەر بە رێژەی پێویست لە بەردانەوەی ئاوی دیجلە و فورات، گلۆپی سەوزی بۆ ئۆپەراسیۆنی سەر قەندیل بۆ تورکیا هەڵکرد، بەڵام دواتر رێکكەوتنەکە نەچووە واری جێبەجێکردنەوە، لەگەڵ دەستبەكاربوونی محەمەد شیاع سوودانی وەكو سەرۆك وەزیرانی عێراق، تورکیا بۆ جارێكی دیكە داوای لە حکومەتی نوێی عێراق کردووە، کە بەپێی ئەو رێكکەوتنە سنوورەکانی عێراق لەگەڵ تورکیا لە چەکدارانی پەکەکە کۆنتڕۆڵ بکات، ئەوانیش وەکو تورکیا پابەند دەبن بە بەردانەوەی رێژەی ئاوی پێویست بۆ عێراق، لە هەردوو رووباری دیجلە و فورات.
هاوكات لە 10ی کانوونی دووەمی 2023، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا ئاشکرای کرد، کە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا پێ گەیشتووە و لەو پەیوەندییەدا گفتوگۆ لەسەر گەشەپێدانی هاریكاری ئابووری و هەوڵەكانی هەردوولا بۆ تۆكمەكردنی سنووری هاوبەش و هەماهەنگیكردن بۆ راوەدونانی گرووپە تیرۆرستییەكان (کە مەبەستیان پەکەکە)یە لە سنوورە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵاتدا كردووە.
بەپێی راگەیەندراوی ئەوكاتی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاش، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق و پرسە ناوچەییەکان باس کراون و ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کردووە، کە لەو بڕوایەدایە، لە داهاتوودا هاوئاهەنگی نێوانیان لە سەرجەم بوارەکاندا بەهێزتر دەبێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەردۆغان رایگەیاندووە، تورکیا پێداگری لە پێویستیی کۆتاییهێنان بە بوونی پەکەکە لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقدا دەکات.