عەلی عەونی: یەكێتی تەنیا لایەنە كە لە باسكردنی 31ی ئابدا زەرەر دەكات

ستران عەبدوڵڵا، یەكێكە لە سەركردە خیانەتكارەكانی یەكێتی کەچی هاتووە باسی کارەساتەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە دەکات لە کاتێکدا باوكی واتا عەبدوڵڵای موختار بەعسییەکی عەیار 24 بوو و گەنجانی كوردی كەركووكی بە ئیعدام و زیندانی دەگەیاند.

ئێستاش داكۆكی لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری حیزبەكەی دەكات كە بەهۆیەوە تاوەكو ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، خەڵكی ناوچە كوردستانییەكان باجەكەی دەدەن، كەچی هێرشی كردووەتە سەر پارتی بە بۆنەی نزیكبوونەوەی ساڵڕۆژی رووداوەكانی 31ی ئاب.

لە بەرامبەردا عەلی عەونی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی وەڵامی ناوبراوی دایەوە و رایگەیاند: لە 31ی ئاب بۆ یەكەمین جار بوو كە گەلی كوردستان توانییان حكومەتی نەتەوەیەكی تر بكەنە كرێگرتەی خۆیان، ئێمە بە سوپایەكی كرێگرتە چەكدارانی یەكێتییمان لە پایتەخت وەدەر نا كە لە هەولێر خەریكی راوڕووت و پیكاب دزین و خەڵك كوشتن بوون، ئەوان باسی گەرمای تاقەتپرووكێنی مانگی ئاب دەكەن، ئەدی بۆ باسی خیانەتی تاقەتپرووكێنی 16ی ئۆكتۆبەر ناكەن؟ ئێمە ئەوانمان راماڵی، (ئەفسەد)مان بە (فاسد) راماڵی. بەڵام كە ئەوان كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانیان رادەستی حەسەن پلایس و ئەحمەد دەڕنافیز و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كرد.

هەروەها گوتیشی، نابێت ئەوان باسی 31ی ئاب بکەن چونکە دوای 31ی ئاب، دروست لە مانگی 11ی 1996، شاندێکی یەکێتی سەردانی بەغدایان کردبوو و چووبوونە ماڵی عزەت کە لەوکاتەدا ناوبراو نەخۆش بوو.

ئێستاش شەرم نایانگرێت و دوای تەسلیم کردنی کەرکووک بە حەشد، یەکێتی هاتووە داوای لیستی هاوبەش دەکەن بۆ هەڵبژاردنی ناوچە كوردستانییەكان و باسی لیستی نەتەوەیی دەكەن، ئاخر كەی بووە زێڕ و خۆڵ ببێتە یەك؟ خاوێنی و پیسایی كەی بووەتە یەك؟

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ئاماژەی بەوەشدا، “یەكێتی تەنیا لایەنە كە لە باسكردنی 31ی ئابدا زەرەر دەكات، ئەوان بە هێنانی پاسدار بۆ نێو هەرێمی كوردستان و بردنیان بۆ سەر بارەگاكانی حیزبی دیموكرات و كۆمەڵە، كارێكیان كرد كە دەسەڵاتی ئەوسای هەرێمی كوردستان ناچار بێت پەنا بباتە بەر بەكرێگرتنی سوپای عێراق، دوای 31ی ئابیش یەكسەر هێزە هێندراوەكان گەڕانەوە و هیچ نیشانەیەكی بەعسیش نەما، ئەوەی لەمەدا زەرەری كرد، یەكێتی بوو، ئەوەشی قازانجی كرد خەڵكی كوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی بوو.”

“لە كاتێكدا پێشتر جەنابی سەرۆك بارزانی زۆر نەرمی بۆ نواندن، كەچی ئەوان بە لاوازی پارتی تێگەیشتن. ئەوان پاسداریان هێنایە سنووری هەولێر و بە تۆپخانەی سوپای پاسداران قەسفی مەسیفیان دەكرد. ئێمە تكامان دەكرد كە ئەم شەڕە رابگیرێت، چونكە ئێمە میللەتێكین لەناو تەپوتۆزی ئەنفال و كیمیاباران دەرچووین گوتمان با ئەم ئەزموونە لەبەین نەچێ، ئایا هێنانی پاسداران كارێكی نیشتمانی بوو؟”

لەبارەی هەڵگیرساندی شەڕی ناوخۆشەوە عەلی عەونی گوتی: “ئەو كاتەی شەڕی ناوخۆ لە 1994 هەڵگیرسا، یەكێتی هێندە پۆستی لەنێو حكومەت هەبوو كە دەیكردە رێژەی 75٪، بۆیە شەڕەكە لەسەر فیفتی بە فیفتی نەبوو، بەڵكو لەسەر ئەوە بوو كە ئێران پێویستی بە رێڕەوێك هەبوو تاوەكوو بگاتە سووریا، دەیانویست هەرێمی كوردستان تەسلیمی ئێران بكەن. ئێمە دەمانگوت پارێزبەندییەكی نێودەوڵەتیمان هەیە و نابێ كارێك بكەین هاوپەیمانان وازمان لێ بێنن، ئێران خۆی كێشەی كوردی هەیە چۆن كێشەی هەرێمەكەمان چارەسەر دەكات؟ شەڕەكە ئەوەبوو كە یەكێتی بە وەكالەت بۆ ئێرانی دەكرد، ئێمە دەمانگوت نەخێر دەبێ هەرێمەكەمان وەك هەرێمێكی ڕووناك و بە بەشێك لە دونیای ڕۆشن و گەشی سەردەم بمێنێتەوە.”

لە کۆتاییدا ئەوەشی زیاد کرد، “ئەگەر 31ی ئاب نەبوایە، ئەو ناوچانەی كە لە سنووری هەولێر و دهۆكن، ئێستا بەو رادەیە ئاوەدان نەدەبوونەوە، بەڵكو وەك سلێمانی پاشەكشەی دەكرد و رۆژبەڕۆژ وێرانتر دەبوو. خەڵكی سلێمانی ئێستا لە یەكێتی ناڕازین لەبەر ئەوەیە كە یەكێتی بە كردەیی لە خزمەتكردنی خەڵك شكستی هێناوە.”

Back to top button