گەندەڵییەكی گەورە و بێشوماری وەزیری پێشووی نەوتی عێراق ئاشكرا دەبێت
زەهرا ئەلبجاری، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی سادیقوون، لە راگەیەنراوێكیدا ئاشكرای كردووە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەك لەو وەزیرانەی پێشووی حكومەتی عێراق دەرچووە، کە لە دزینی سامانی گشتییدا تێوە گلاون، دیارترینیان گەندەڵی گەورە و بێشوماری وەزیری پێشووی نەوتی عێراقە.
ئەلبجاری، ئەوەشی خستووەتەڕوو، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەك وەزیری حكومەتی مستەفا كازمی دەرچووە، كە یەكیان لە دژی ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری پێشووی نەوتە و لە گەندەڵی دارایی و ئیداری و قۆستنەوەی پۆستەكەی و دەوڵەمەندبوونێكی قێزەوندا تێوەگلاوە، هەروەها ژمارەیەكی زۆر لە برا و ئامۆزاكانی لە وەزارەتی نەوت دامەزراندووە و كۆمپانیای تایبەتی بە ناوی هاوسەرەكانیەوە دامەزراندووە، تاوەكو پڕۆژەی گەورەیان بداتێ.
ئاشكراشی كردووە، ئیحسان عەبدولجەبار، لە شارەكانی بەغدا و بەسرە زەوی و مووڵكی تایبەتی هەیە، كە نزیكەی 14 ڤێلای تەنیا لە بەغدا و بەسڕە كڕیوە، جگە لەوەش، ڤێلای لە وڵاتانی ئیمارات، توركیا، لوبنان و لەندەن و دوورگەكانی كاریبیدا هەیە.
وەزیری نەوتی حکومەتەکەی ئەلکازمی، نوێنەرایەتی سەردەمێکی گەورەی گەندەڵی و خۆدەوڵەمەندکردنی بە پارەی گشتی كردووە، بەو پێیەی لە دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتیدا 76 دۆسیەی بە بەڵگەنامەوە لەسەر کراوەتەوە.