بەرگی شەشەمی كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد) كەوتە بەر دیدی خوێنەران

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرگی شەشەمی زنجیرە كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد) لە نووسینی سەرۆک مەسعود بارزانی بە ناونیشانی {کوردستان و عێراقی نوێ} كەوتە بەر دیدی خوێنەران کە لە دوو بەش و 1234 لاپەڕە پێکدێت و باس لە رووداوەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات لە ساڵانی 2003 بۆ 2016.

سەرۆک بارزانی لە پێشەکی کتێبەکەیدا نووسیویەتی: رووخانی رژێم دەرفەتی لەبەردەم عێراقییەکاندا کردەوە بۆ ئەوەی بە سوودوەرگرتن لە هەڵەکانی دەیان ساڵی رابردووی رژێمەکان، عێراقێکی نوێ دابمەزرێنن کە تێیدا هەموو لایەک بە ئاشتی بژین و ماف و ئەرکەکانی خۆیان بناسن.

هەروەها سەرۆک بارزانی لە پێشەکی بەرگی شەشەمی كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد) نووسیویەتی، لە ساڵانی 2003 تا 2016 گۆڕانکاری زۆر قووڵ و جەوهەری بەسەر ژیانی سیاسی و دامەزراوەکانی دەوڵەت و بارودۆخی خەڵکی عێراقدا هات.

بە ئاماژەدان بەو رووداو و پێشهات و بڕیارانەی سەرۆک بارزانی لە ساڵانی 2003 تا 2016 رۆڵی تێیاندا هەبووە یان شاهیدی پێشهات و گۆڕانکارییەکان بووە، لە پێشەکی کتێبەکەیدا دەڵێت: ئەو کتێبەی لەبەردەستی خوێنەراندایە بەرهەمی یاداشتی رۆژانەی ژیانی سیاسیمە لەو قۆناغە گرنگ و هەستیارەدا.

سەبارەت بە قۆناغی 2003 تا 2016، سەرۆک بارزانی لە کتێبەکەیدا باس لەوە دەکات، کە ئەو 13 ساڵە بۆ هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی تازە و کەموێنە بوو.

سەرۆک بارزانی دەشڵێت: لەو ماوەیەدا دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بوون و بە دامەزراندنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش کرانەوەیەکی زیاتر بەسەر جیهانی دەرەوەدا هاتە ئاراوە و لە رێگەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە سیاسەتی گشتیی مامەڵەکردن لەگەڵ عێراقدا دادەڕێژرا.

هاوکات، لەنێو کتێبەکەدا چەندین وێنە و بەڵگەنامە هەن کە چالاکی و کردار و بڕیارەکانی سەرۆک بارزانی دەخەنەڕوو.

Back to top button