حکومەتی هەرێمی کوردستان: دوای تەواوبوونی وادەی پڕكردنەوەی فۆرمی یەكەكانی كەمدەرامەتان دەست بە دابەشكردنیان دەكرێت

ئەمڕۆ یەكشەممە 13ـی 8ـی 2023، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاندراوێكی سەبارەت بە كاتی دابەشكردنی یەكەكانی كەمدەرامەتەكان بڵاو كردووەتەوە و تیایدا هاتووە: دوای تەواوبوونی پڕكردنەوەی فۆرمەكان، یەكەكان بەشێوەی قیستی درێژخایەن، كە بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ دەبێت و بێ پێشەكییە و بە قیستی مانگانە دەدرێت بەو هاووڵاتییانەی فۆرمەكەیان پڕ كردووەتەوە و مەرجەكان دەیانگرێتەوە.

راگەیانراوەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە 13ـی 8ـی 2023، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌‌‌‌، لە رێوڕەسمێکدا پرۆسەی دابەشکردنی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوون و کاراکردنی فۆرمەکەی بەشێوەی ئۆنلاین بۆ ھاووڵاتییانی کەمدەرامەت راگه‌ياند، تاکوو ئەمڕۆ یەكشەممە 13ـی 8ـی 2023، سێ هەزار و 398 خێزان فۆرمیان پڕ كردووەتەوە و لە ڕێگای ئەو لینكەی دانرابوو، فۆرمەكانیان بۆ وەزارەتی ئاوەدانكردنە و نیشتەجێكردن ناردووەتەوە.

لە راگەیانراوەكەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریدا هاتووە، فۆرمەكە بەشێوەی سەرهێڵ (Online)ـە، تا 1ـی كانوونى يەكەمی ئەمساڵ بەردەستە، واتا پڕكردنەوەی فۆرمەكە و ناردنی بۆ وەزارەت، تا 1ـی 12ـی 2023 دەبێت و پێویستە هاووڵاتییان تا ئەوكاتەی بۆیان دیاریكراوە، فۆرمەكەیان ناردبێت.

جەختیشی لەوە كردووەتەوە، پرۆژەكە لە دوو بەش پێكهاتووە و نۆ هەزار و چوار یەكەی نیشتەجێبوون لەخۆ دەگرێت، تا ئێستا 95%ـی بەشی یەكەمی پرۆژەكە تەواو بووە و بەشەكەی دیكەیشی كاركردن تێیدا بەرده‌وامە، دوای تەواوبوونی پڕكردنەوەی فۆرمەكان، یەكەكان بەشێوەی قیستی درێژخایەن، كە بۆ ماوەی 25 ساڵ دەبێت و بێ پێشەكییە و بە قیستی مانگانە دەدرێت بەو هاووڵاتییانەی فۆرمەكەیان پڕ كردووەتەوە و مەرجەكان دەیانگرێتەوە.

Back to top button