فەزاحەتێكی گەورە لە نێو یەكێتی ئاشكرا بوو
بەیەك بڕیاری فەرماندەیی هێزەكانی (70)ـی یەكێتی (18) كەس لە بەرێوەبەرێتی پاسەوانییەكان بەیەكجار (9) پلە بەرزكراونەتەوە، ئەوەش بە یەكێك لە پێشێكارییە زەقەكانی سەربازی دادەنرێت.
بە پێی فەرمانێكی فەرماندەیی هێزەكانی (70)ـی یەكێتی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە ژمارە (108) كە لە رۆژی (6ـی 1ـی 2020) دەرچووە، ئاماژە بە بەرزكردنەوەی پلەی (18) ناو دەكات لەسەر میلاكی بەڕێوەبەرێتی پاسەوانییەكان، ئەو كەسانە لە بەرێوەبەرێتی پاسەوانین، بەڵام بەیەك جار پلەكانیان (9) جار بەرزكراونەتەوە.
بە پێی نوسراوەكە هەندێكیان لە پلەی (نائیب عەریف)ەوە بەرزكراوەتەوە بۆ (نائیب زابتی پلە یەك) واتا بەیەكجار (9) پلە بەرزكراوەتەوە.
واتا لە پلەی (نائیب عەریف) تا (نائیب زابتی پلە یەك) زیاتر لە (9) پلە لە نێوانیاندایە (نائیب عەریف دەبێتە عەریف، عەریف دەبێتە، رەئیس عورەفا، رەئیس عورەفا دەبێتەوە، نائیب زابتی نمرە8، دواتر نائیب زابتی نمرە 7، دواتر، نائیب زابتی نمرە 6، دواتر، نائیب زابتی نمرە5، دواتر، نائیب زابتی نمرە 4، دواتر، نائیب زابتی نمرە 3، دواتر، نائیب زابتی نمرە 2، دواتر، نائیب زابتی نمرە 1) واتا بەیەك بڕیار زیاتر لە (9) پلە پلەكەی بەرزكراوەتەوە.
بەشێكیان لە ( نائیب زابتی نمرە پێنج)ەوە كراوە بە ( نائیب زابتی نمرە دوو) ئەوە سێ پلە بەرزكراوەتەوە تەنیا ئەو سێ پلەیە لانی كەم (3) ساڵی دەوێت.
هەیانە لە ناو خشتەكە لە ( نائیب زابتی نمرە هەشت)ەوە كراوە بە ( نائیب زابتی نمرە یەك) واتا شەش پلەی دراوەتێ.
ئەفسەرێكی یاسایی لەبارەی ئەو شێوازە پلە بەرزكردنەوەیە رایگەیاند: دڵنیاین ئەو جۆرە پلە بەرزكردنەوەیە بە واسیتەو فەرمانی حزبی بووە، بەڵام ئەوە كوفری سەربازییە، لەكاتێكدا دەیان ئەفسەر هەیە پلەكانیان بەرزناكرێتەوە.
ئەو ئەفسەرە سەربازییە ئەوەشی گووت، هەرگیز ناكرێت پلە لە نائیب عەریفەوە بكرێتە نائیب زابتی پلە یەك، ئەوە پێویستی بە (25) ساڵ خزمەت هەیە.