مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندێکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کۆبووەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ 13ی ئابی 2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای فەرماندەیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کرد کە لە بەڕێزان جەنەرال ماتیۆ ماکفەرلین و جەنەرال جۆول ڤاول فەرماندەی گشتیی پێشوو و نوێی هاوپەیمانان پێکهاتبوو.

سەرۆکی حکومەت، سوپاسی جەنەراڵ ماکفەرلینی کرد بۆ هەوڵ و خزمەتەکانی لە ماوەی کارکردنیدا و هیوای سەرکەوتنیشی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.

هەروەها پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە جەنەرال ڤاول کرد و هەموو هاریکاری و پشتیوانییەکی حکومەتی هەريمی کوردستانی لە پێناو سەرخستنی ئەرکەکەی بۆ دەربڕی.

تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە بەردەوامبووانی پرۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە و نەهێشتنی هەموو کێشە و بەربەستەکان لە بەردەم یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و نەهێشتنی هەموو جۆرە دەستوەردانێکی حیزبی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.

بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەسەندنەکانی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.

Back to top button