شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بودجە و یاسای نەوت غاز دەچێتە بەغدا

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات: بڕیارە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سێشەممە و یەکشەممەی داهاتوو لەبارەی بودجە و یاسای نەوت غاز بچێتە بەغدا .

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:” رۆژی سێ شەممە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و بابەتی یاسای بودجە گفتوگۆی شاندی هەرێم و حکومەتی عێراقی دەبێت و هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێکردووە و چاوەڕێی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەکەین.

گوتیشی، مووچەی هاونیشتیمانییان ئەولەوییەت دەبێت لەکاتی گەیشتنی بودجە لە بەغداوە و بەڕێز سەرۆکوەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راسپاردووە بۆ ئەوەی هەموو هاوکارییەکی تیمە تەکنیکییەکانی عێراق بکەن و هیچ پرسیارێکیان نەمێنێت بەبێ وەڵام.

راشیگەیاند، رۆژی یەکشەمەی داهاتووش شاندێکی حکومەتی هەرێم بۆ تاوتوێی یاسای نەوت و غاز دەچنە بەغدا و هەرێمی کوردستان دەیەوێت دەستوور بنەما بێت لەبابەتی یاسای نەوت و گاز .

ئاشکراشیکرد، سێ لایەنی سەرەکی لە یاسای نەوت و گازدا گفتوگۆ دەکەن،حکومەتی هەرێم، پاریزگا بەرهەمهێنەرەکان و حکومەتی عێراق.

باسی لەوەشکرد، هەرێمی کوردستان دەیەوێت یاسایەک دەربچێت بۆ نەوت و گاز کە هیچ لایەک تێیدا هەست بە غەدر نەکات و پێویستە لایەنە کوردستانییەکان لەم بابەتەدا یەکدەنگبن و خواستی حکومەتی هەرێم ئەوەیە ئەزموونی یاسای بودجە لە پرسی یاسای نەوت و گاز لەناو هۆڵی پەرلەمان دووبارە نەکەینەوە.

 

 

Back to top button