بەرپرسێكی ئەمریكا پەیوەندی بە سەرۆك بارزانییەوە دەكات و بە هۆی رووداوێك داوای لێبوردن دەكات

سەرۆك بارزانی لە لاپەڕە ٣٥٥ – ٣٥٩ی بەرگی شەشەمی زنجیرە كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد) كە تایبەتە بە گێڕانەوەی رووداوەكانی نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ تاوەكوو ٢٠١٦، باس لە رووداوێک دەکات، كە لە رۆژی ٢١ی كانونی یەكەمی ٢٠٠٦، هێزەكانی ئەمریكا دوو گەورە بەرپرسی پاسدارانیان لە ماڵی عەبدولعەزیز حەكیم دەستگیر كردووە بە ناوی موحسین چیڕازی، بەرپرسی هۆبەی ٦٠٠ی قەرارگەی قودس، لەگەڵ كەسێك بە ناوی دیانەتی، سەرپەرشتی چالاكییە سەربازی و تیرۆریستییەكان. موحسین چیڕازی بە دەستەڕاستی قاسم سلێمانی دەژمێردرا. بە قسەی ئەمریكییەكان، هەردوو كەسەكە پارە و كەلوپەلی تەقاندنەوەیان پێ بووە و پەیوەندییان لەگەڵ مستەفا شیبانی و ئەبومەهدی موهەندیس و جەلالەدین سەغیر هەبووە.

سەرۆك بارزانی نووسیویەتی: ”دوای ئەم رووداوە، سەردار جەعفەری و سەردار فرووزەندە بە یاوەریی ژمارەیەك لە پاسدارەكان سەردانی سلێمانییان كرد و چاویان بە مام جەلال و سەركردایەتیی یەكێتی كەوت و ئێوارەی ١٠ی كانونی دووەمی ٢٠٠٧ سەردانی هەولێریان كرد. لە هەولێر رووداوێكی زۆر ناخۆش روویدا. دیار بوو هەر لە كاتی پەڕێنەوەیان لە سنوور، ئەمریكییەكان چاودێرییان كردبوون، دیاربوو ئەمریكییەكان بەهۆی دەستوپێ و باوەڕپێكراوەكانی خۆیان، (جی پی ئێس)ێكیان لەناو ئەو ئۆتۆمبێلە دانابوو كە جەعفەری و فرووزەندەیان گواستبووەوە هەولێر. دوای گەیشتنیان بۆ هەولێر، ئۆتۆمبێلەكەیان لە بەردەم دەرگای كونسوڵخانەی ئێران راگرتبوو و بە ئۆتۆمبێلێكی تر سەردانی میوانخانەكەمانیان كردبوو لە سەڵاحەدین. كاتژمێر سێی بەرەبەیانیی رۆژی ١١ی كانوونی دووەمی ٢٠٠٧ هێزێكی ئەمریكا بە هەلیكۆپتەر هەڵیانكوتایە سەر كونسوڵخانەی ئێران و پێنج كەسیان دەستگیر كرد و لەگەڵ هەموو بەڵگەنامەكانی ناو كونسوڵخانەی ئێران بردیان. هێزێكی تریشیان چوونە ناو فڕۆكەخانەی هەولێر. بەڕاستی هەڵسوكەوت و رەفتارێكی زۆر ئەحمەقانە بوو، سووكایەتی بوو بە هەرێمی كوردستان و بە تایبەتی بە پارتی. باشە بۆ لەسەر سنوور نەگیران؟ ئەی بۆ لە كاتی هاتنیان لە رێگەی نێوان هەولێر و سلێمانی نەگیران؟ بۆ دەبێ هەر لە هەولێر بگیرێن؟“

لە درێژەی نووسینەکە سەرۆك بارزانی روونیكردۆتەوە: ”دوای ئەم رووداوە، دەستبەجێ فەرمانمان بە هێزەكانی زێرەڤانی دا بۆ ئەوەی بە هێزێك بچنە ناو فڕۆكەخانەی هەولێر و هێزەكە ئابڵووقە بدەن و بەهیچ شێوەیەك رێگە نەدرێت هیچ كەس دەستگیر بكرێت. خەریكبوو شەڕ لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمریكییەكە روو بدات، بەڵام دواتر لێك تێگەیشتن هاتە ئاراوە و هەلیكۆپتەرەكان هاتن و مەفرەزەكەیان بردەوە. دیاربوو لە بنكەی بەلەدەوە هاتبوون. خاڵی سەنجڕاكێش ئەوە بوو كە نە فەرماندەی ئەمریكا لە مووسڵ و نە ئەفسەری هەماهەنگی لە هەولێر ئاگاداری رووداوەكە نەبوون.“

هەر لە بارەی رووداوەکە سەرۆك بارزانی دەڵێت: “بەڕاستی ئەم كردەوەیەمان بە پێشێلكردنی سەروەری و هەیبەتی هەرێمی كوردستان زانی و بە توندی ئیدانەمان كرد. كاتێك ئەمریكییەكان هەستیان كرد زۆر دڵگران و نیگەران بووین بە رووداوەكە، هەوڵیان دا دڵمان بدەنەوە و كەوتنە هێنانەوەی بڕوبیانوو بۆ كردوەوەكەیان.“

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە ناوەڕۆكی قسەكانی جەنەڕاڵ جۆرج كەیسی داوە كە لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە قسەی لەگەڵ سەرۆك بارزانی كردووە و گوتوویەتی:

– ببوورە دوێنێ من لێرە نەبوون تەلەفۆنت بۆ بكەم لەسەر رووداوەكەی دوێنێ.

– ئامانج و مەبەستی ئەفسەری پاسدارەكان لە سەردانیان بۆ ناوچەكە هەمووی بۆ داڕشتنی پیلانە دژی ئەمریكا.

– بۆ زانیاریتان ئەو چالاكییە لە چەند رۆژی رابردوودا لە بەغدا كرا و چەند ئەفسەرێكی گرنگ و گەورەی هێزی قودس دەستگیر كران، زانیاریی گرنگمان دەست كەوت و چالاكیی هەولێریش تەواوكەری چالاكییەكەی بەغدا بوو.

– بەر لە چەند رۆژێك زانیاریمان بۆ هات كە چەند گەورە ئەفسەری پاسداران بە مەبەستی دیدار لەگەڵ بەرپرسانی كورد سەردانی ناوچەكە دەكەن.

– لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو كەسانەی دەستگیر كراون حەوت هەتا دە رۆژ دەخایەنێت.

– ئەو چالاكییەی لە فڕۆكەخانەی هەولێر كراوە، هەڵەیەكی گەورە بوو، پێویست بوو پێشتر هەماهەنگیی پێویست هەبا، بەپێی زانیارییەكان سێ گەورە بەرپرسی پاسداران لە فڕۆكەخانەوە سەردانی دەرەوەیان دەكرد.

– هەڵەیەك بوو كرا و پێویستە لە داهاتوودا لە بابەتی لەم شێوەیە هەماهەنگیی تەواو بكرێت. پێویست بوو لەگەڵ كەریم شنگالی تەنسیقی پێویست هەبا. لە داهاتوودا هەماهەنگیی زیاتر دەكرێت لە نێوان هەردوولادا.

– ئەو پاسدارانە هاوكاریی شیعە توندڕۆكان دەكەن لە ناوخۆی عێراقدا و بوونەتە هۆكاری كوشتنی ٢٠٠ سەربازی ئەمریكی.

– ئەمە راستیی چۆنیەتیی رووداو و ئەو چالاكییە بوو كە لە لایەن هێزەكانی ئەمریكاوە كرا و چاوەڕێی هاوكاری لە بارزانی دەكەین.

سەرۆك بارزانی زیاتر نووسیویەتی: ”دوای تەواوبوونی قسەكانی، منیش سوپاسم كرد و بەم شێوەیە وەڵامم دایەوە:

– هەموو لایەك باش هەڵوێستەكانی من دەزانن، رەنگە من زیاتر لە هەموو كەس دژی دەستوەردانە هەرێمییەكان بم لە عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی.

– ئەگەر بڕیارە بە ئاشكرا و بە توندی دژایەتیی ئێران بكەن، باڵیۆزخانەكەیان لە بەغدا دابخەن، نەك لە هەولێر چەند پاسداری بێدەسەڵات دەستگیر بكرێن.

– ئەفسەرەكان میوانی سەرۆك كۆمار بوون لە سلێمانی، بۆ لە سلێمانی دەستگیر نەكران، بۆچی لە هەولێر؟

– ئەو كەسانەی دەستگیر كراون، لەو ئاستەدا نین پیلانی بەرچاو و گەورە داڕێژن، حەز دەكەم بزانن ناتوانن لە هەولێر دژی ئەمریكا پیلان داڕێژن.

– حەز ناكەین ئەمریكا كێشە و گیروگرفتەكانی لەگەڵ ئێران لە هەولێر تەسفیە بكات.

لە لاپەڕە ٣٥٩ی كتێبەكەدا روون كراوەتەوە، پاش قسەكانی سەرۆك بارزانی، جەنەڕاڵ كەیسی گوتوویەتی: ”ئێمە رێزێكی زۆرمان هەیە بۆ جەنابت، ئەگەر لێكتێنەگەیشتنێك رووی داوە و وێنەیەكی وا دروست بووە گوایە رێزمان لە پەیوەندییەكانی ئەمریكا و كوردستان نەگرتووە، داوای لێبووردن دەكەم. ئێمە هیچ كات داوامان نەكردووە عێراق پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت، بەڵام نابێت ئەفسەری سوپای پاسداران وەك رابردوو بە ئارەزووی خۆیان لە عێراق هاتووچۆ بكەن. منیش دوای سێ هەفتەی تر سەردانتان دەكەم.“

 

Back to top button