مەسرور بارزانی: دەبێ سەرکردە و ئەندام و لایەنگرانی پارتی لە ئاستی گەورەیی پارتی و مێژووە پڕ لە سەروەرییەکەی بن

ئەمڕۆ دووشەممە 8/14 مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە شاری دهۆک سەردانی  مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دهۆک-ی کرد و لەلایەن د.پشتیوان سادق ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دهۆک و ئەندامانی مەکتەب پێشوازی لێکرا.
پاشان لە کۆبوونەوەیەکدا، جێگری سەرۆکی پارتی، ئاماژەی بە گرنگی زیاتر تێکەڵبوونی بەرپرس و کادیر و ئەندامەکانی پارتی لەگەڵ خەڵک کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە، ئاگاداری خواست و داواکاری و پێداویستییەکانی جەماوەر بن و ببنە هەماهەنگار و یارمەتیدەری دامەزراوەکانی حکومەت بۆ ئەوەی بتوانێت بە باشترین شێوە، کارنامە خزمەتگوزارییەکەی جێبەجێ بکات.
جێگری سەرۆکی پارتی دووپاتی کردەوە کە پارتی،  خاوەن سەرۆکێکی مەزن و رابردوویەکی پڕ لە شانازی و حیزبی پێشرەوی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان و پارێزەری دەستکەوتە نیشتمانییەکان و قەوارەی هەرێمی کوردستانە، بۆیە دەبێ سەرکردە و ئەندام و لایەنگرانی پارتی لە ئاستی گەورەیی پارتی و مێژووە پڕ لە سەروەرییەکەی بن و خزمەتکاری میللەتی خۆیان بن و لە خزمەتکردنی خەڵکدا، هەرچی لە توانایاندایە کەمتەرخەمی نەکەن.
جێگری سەرۆکی پارتی ، ئاماژەی بەوەدا کە پارتی حیزبێکی کوردستانییە و هی هەموو ناوچە و دەڤەرەکانی کوردستانە، بەڵام بادینان پێگەیەکی تایبەتی هەیە و خەڵکی ئەم دەڤەرە، قوربانییەکی زۆریان لە بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستان داوە و هەمیشە بەڕێز و پێزانینەوە خەبات و قوربانیدانەکانی خەڵکی بادینان دەنرخێنین.

Back to top button