مەسرور بارزانی لەکاتی کردنەوەی پڕۆژەی کۆرنیشی دەلال: بەڵێنەکەمان بەجێگەیاند

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئابی 2023، لە رێوەڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەی گەشتیاری “کۆرنیشی دەلال” لە زاخۆ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا رایگەیاند: “لەم ماوەیەدا زیاتر لە 170 پڕۆژە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێکراون. لە پلانماندایە ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەش لە قۆناغی داهاتوودا لە سنووری زاخۆ جێبەجێ بکەین.
دەقی وتارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
خوشک و برایانی ئازیز و ئامادەبووانی بەڕێز زۆر بەخێربێن. زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵتان بەشدارم لەم رێوڕەسمەدا بۆ کردنەوەی پڕۆژەیەکی زۆر گرنگ و جوان، کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا جێبەجێکراوە. پیرۆزبایی لە ئێوە، خەڵکی زاخۆ و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم، هیوادارم هەمووتان سوودی لێ ببینن و ببێتە جێگەی رەزامەندی هەمووتان.
سوپاسی کۆمپانیاکانی جێبەجێکاری ئەم پڕۆژەیە و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەکەم و، سوپاسی خەڵکی زاخۆ دەکەم بۆ هاوکاری و  ئارامگرتنیان. هیوادارم رۆژ بە رۆژ پڕۆژەی لە زاخۆ و هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان ئەنجامبدرێن. جێگەی دڵخۆشییە بۆ من کە دەبینم، پێشتر چەند بەڵێنێک دەدەین و دواتر دێم، دەبینم بەڵێنەکانمان جێبەجێکراون. ئەو بەڵێنانەی پێمان داون بۆ جێبەجێکردنی ئەم جۆرە پڕۆژانە، ئەنجامیان هەبووە و ئێمە بەشداربووین لە کردنەوەی ئەم پڕۆژانە”.
ئەم پڕۆژەیە (کۆرنیشی زاخۆ) تاکە پڕۆژە نییە لە زاخۆ ئەنجامدەدرێت و چەندین پڕۆژە تا ئێستا لە زاخۆ جێبەجێکراون، وەکو کردنەوەی پڕۆژەی رێگاوبان و ژمارەیەک پڕۆژەی دیکە، لەوانەش نۆژەنکردنی شاری کۆنی زاخۆ، هیوادارم دواتر کاتم هەبێت و بتوانم سەردانی بکەم و ئەو شوێنەش ببینین.
وەکو من دەزانم زیاتر لە 170 پڕۆژە لەم ماوەیەدا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێکراون. لە پلانماندایە ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەش لە قۆناغی داهاتوودا لە سنووری زاخۆ ئەنجامبدەین. یەکێک لەوانە دروستکردنی شەقامی 60 مەترییە و یەکێکی دیکە، کە دەمەوێت بیکەمە موژدە بۆ ئێوە، بەردەوام دەبین لە دروستکردنی کۆرنیشی زاخۆ تاوەکو رووباری خابوور تەواو دەبێت و ئینشائەڵڵا قۆناغەکانی دیکەشی هەموویان جێبەجێدەکرێن.
هەروەها بەنداوی زاخۆش کە دەکەوێتە سەرووی رووباری خابوور، بەنیازین پڕۆژەیەکی گەورە و ستراتیژی لەوێش جێبەجێبکەین. ئینشائەڵڵا هەر کاتێک دیزاین و پلانەکەی تەواوبوون، ئەویش دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەویش بێ گومان بۆ خەڵکی زاخۆ و هەموو کوردستان سوودی زۆری دەبێت.

Back to top button