سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا دەكات

رۆژی دووشەممە 14ی ئابی 2023 لە سەلاحەددین پێشوازی لە شاندێكی باڵای فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا كرد كە پێكهاتبوو لە جەنەڕاڵ ماتیۆ ماكفەرلین فەرماندەی پێشوو و جەنەڕاڵ جۆول ڤاول فەرماندەی نوێی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا.

لە دیدارەكەدا جەنەڕاڵ ماكفەرلین كە كۆتایی بە ئەركەكانی هاتووە و بۆ ماڵئاوایی و ناساندنی فەرماندەی تازەی هێزی هاوپەیمانان سەردانی سەرۆك بارزانیی كردبوو، خۆشحاڵیی خۆی راگەیاند كە لە ماوەی رابردوودا بەشێوەیەكی سەركەوتوو كاری هەماهەنگی و هاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان ئەنجام داوە و پێزانینیشی بۆ رۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان هەبوو. جەختیشی لەوە كردەوە كە لە قۆناغی داهاتووشدا هێزەكانی هاوپەیمانان لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستاندا لە هەماهەنگیی بەردەوامدا دەبن.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی جەنەراڵ ماكفەرلینی كرد و بەخێرهاتنی جەنەڕاڵ جۆول ڤاول فەرماندەی نوێی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و دووپاتی هاوبەشی و هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانانی كردەوە.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو دیدارەدا ئیرڤن هیكس كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێریش ئامادە بوو كە كۆتایی بە ئەركەكانی لە هەرێمی كوردستان هاتووە و ماڵئاوایی لە سەرۆك بارزانی كرد و دڵخۆشیی خۆی نیشاندا كە لە ماوەی رابردوودا لە هەرێمی كوردستان كاری كردووە.

رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تاوتوێكردنی چەند پرسێكی تری ئەمنی تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.

Back to top button