تا ئێستا 28 لیوای پێشمەرگە یەک خراونەتەوە

حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان، بۆ کوردستانێکی بەهێزتر، بڕیاری یەكخستنەوە و رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی لە چوارچێوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی دا؛ لە دواهەنگاویشدا و بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سێ لیوای دیکەی نوێ دروست کران و خراونەتە سەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە.
لیواکانی 26، 28 و 30، ژمارەیان 5 هەزار و 400 ئەفسەر و پێشمەرگەیە و لە هێزەکانی یەکەی 70 دروست کراون، ئێستا لە ژێر سەرپەرشتی فیرقەی دووی سەرۆکایەتی ئەرکان کۆکراونەتەوە.

لەبارەی دۆخی هێزەكانی دەرەوەی وەزارەت و هێنان و رێكخستنەوەیان لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی هێزەكانی پێشمەرگە، لیوا حیکمەت عومەر، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری تاکەکان و خۆبەخشەکان، لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاندووە: “هەر لە سەرەتای دەستپێكی كابینەی نۆیەم و بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە هاوكاری تیمی هاوپەیمانان، چاكسازییەكان بۆ هێزەكانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی تیمێكی نوێ‌وە دەستی پێ كردووە و تا ئێستاش بەردەوامە، هەر لە ماوەی ئەم كابینەیەشدا، لیواكانی (15، 17، 18، 19، 21، 22، 23، 24، 26، 30)، هەروەها هەردوو لیوای 25 و 27، لەناو پرۆسەكەدان و ئەوانیش 90%ـی كارەكانیان تەواو بووە و بەم نزیكانە دەخرێنە سەر میلاكی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە”.

پرۆسەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی ئەو چاكسازییانەیە کە بەڕێوە دەچن، لەبارەی ڕێكارەكانی ئەو پرۆسەیە، لیوا حیکمەت عومەر، ئاماژەی بەوەش كرد، “بە پێی ڕێنماییە سەربازییەكان و بە پێی یاسای ژمارە 38ـی چاكسازی، ئێمە لە ڕێگەی لیژنەكانەوە، چاوپێكەوتن لەگەڵ تەواوی ئەو هێزانە دەكەین كە دەگوازرێنەوە سەر میلاكی وەزارەت، هەروەها ئەوانەی مامەڵەی خانەنشینییان بۆ دەكرێت جیا دەكرێنەوە، هاوكات ئەوانەش پۆلێن دەكرێن كە بریندار یان پەككەوتوون و دەنێردرێن بۆ لیژنەی پزیشكی و بە هەمان شێوە لە یەكەكانی خۆیان مامەڵەی پەككەوتەیی یان بریندارییان بۆ دەكرێت، ئەوانەی شیاوی خزمەتكردنی سەربازیشن، ڕێك دەخرێن و دەگوازرێنەوە سەر میلاكی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، هەر بۆیە تەواوكردنی پرۆسەكە كاتی پێویستە.”

هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم، هێزەکانی پشتیوانی یەک و دوو خراونەتەوە سەر میلاکی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە. تا ئێستا 28 لیوا لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی حکومەت پێک هێنراون، پرۆسەكە لە ژێر سەرپەرشتی هێزەکانی هاوپەیمانان و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و بە پێی ئەو پلانەی بۆی دانراوە، تا دوو بۆ سێ ساڵی تر لە تەواوی هێزەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.

Back to top button