له‌وكاته‌وە چیتر برێمه‌ر نه‌یتوانی به پێشمه‌رگه بڵێ میلیشیا
سه‌رۆك بارزانی له كتێبی بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد، له به‌رگی شه‌شه‌میدا كه تایبه‌ته به رووداوه‌كانی ساڵی 2003 تا 2016 و كوردستان و عێراقی نوێ، چه‌ندین پرسی گرنگی خستووه‌ته‌ڕوو.
سه‌رۆك بارزانی له بابه‌تێكی ئه‌و كتێبه‌دا كه له لاپه‌ڕه 143 بڵاو كراوه‌ته‌وه، باس له ناكۆكییه‌كی له‌گه‌ڵ برێمه‌ر له‌باره‌ی پێشمه‌رگه ده‌كات و ده‌ڵێ، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونیدا، بریمه‌ر بیری له‌وه كرده‌وه و (ره‌نگه له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ر سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانیش بووبێ)، هه‌رچی هێزی چه‌كداره نه‌مێنێت، كه‌سێك وه‌ك راویژكاری بریمه‌ر به‌ناوی گامبرێت كه گوایه شاره‌زای كاروباری سه‌ربازیش بوو، نزیكه‌ی 20 جار له‌گه‌ڵ نوێنه‌ره‌كانمان له‌سه‌ر پرسی رێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كۆببووەوه، ناوبه‌ناو منیش له‌و كۆبوونه‌وانه به‌شداریم ده‌كرد كه بریمه‌ریش ئاماده ده‌بوو، له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا بریمه‌ر گوتی با كۆبوونه‌وه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه بكه‌ین و كۆتایی به‌م كێشه‌یه بێنین.
“له‌و ماوه‌ی له به‌غدا بووم و پێم راگه‌یاند، فه‌رموو كه‌ی پێویست بێت با كۆبوونه‌وه‌كه بكه‌ین، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، بریمه‌ر گوتی “جێی میلیشیاكان له عێراقی نوێ‌دا نابێته‌وه و نابێت هیچ هێزێكی چه‌كداری نایاسایی هه‌بێت”، منیش گوتم، ئه‌وه بڕیارێكی باش و له جێی خۆیدایه، داوای چیمان لێ ده‌كه‌یت؟ له وه‌ڵامدا گوتی، پێویسته بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه ده‌ربكرێ، چونكه سوپای مه‌هدی و به‌در رایان گه‌یاندووه له ئه‌گه‌ری هه‌ڵنه‌وه‌شاندنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه، ئێمه‌ش هێزه‌كانمان هه‌ڵناوه‌شێنینه‌وه” سه‌رۆك وای نووسیوه.
سه‌رۆك به‌ده‌ق ئه‌و بابه‌ته‌ی به‌مشێوه‌یه نووسیوه…
منیش پێم گوت:
یه‌كه‌م: پێشمه‌رگه میلیشیا نییه، جگه له هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان، هێزێك له عێراق ده‌ستنیشان بكه، وه‌ك پێشمه‌رگه رێكخراو و به‌دیسپلین و رێك‌وپێك بێت.
دووه‌م: سوپای مه‌هدی و به‌در به بڕیارێك دامه‌زراون و به بڕیارێكیش هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه، ئه‌وه پەیوه‌ندی به خۆیانه‌وه هه‌یه هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه یان نا، به‌ڵام هۆی پێكه‌وه‌به‌ستنی چاره‌نووسی پێشمه‌رگه به‌و چه‌كدارانه چییه، بۆ پێكه‌وه‌یان ده‌به‌ستیته‌وه.
سێشه‌م: پێشمه‌رگه به خوێن و فرمێسكی گه‌له‌كه‌مان دروست بووه، نه‌ك به بڕیاری من، یان كه‌سێكی تر، بۆیه پێشمه‌رگه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ڵناوه‌شێته‌وه، پێشمه‌رگه هێمای شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌تی گه‌لی كورده.
بریمه‌ر گوتی: نازانم، به‌ڵام جێی میلیشیاكان له عێراقی نوێ‌دا نابێته‌وه و پێویسته هه‌موو میلیشیاكان هه‌ڵوه‌شێنه‌وه.. تا راده‌یه‌ك به تووڕه‌یی ئه‌و قسانه‌ی كرد.
منیش له وه‌ڵامدا پێم راگه‌یاند، پێشمه‌رگه هه‌ڵناوه‌شێته‌وه و كه‌س توانای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ی نییه.
برێمه‌ر گوتی” كۆتایی به كۆبوونه‌وه‌كه هات” منیش گوتم “ئاره‌زووی خۆته، ته‌واو، ته‌واو”.
دوای كۆبوونه‌وه‌كه گه‌ڕامه‌وه باره‌گاكه‌مان، دواتر گرینستۆك هات و كه‌وته ناوبژیوانی و كۆتایی به كێشه‌كه هات، دوای ئه‌وه بریمه‌ر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی پێشمه‌رگه‌ی نه‌كرده‌وه و به میلیشیا ناوی نه‌برد، دوای هه‌ڵكشانی كرده تیرۆریستییه‌كان و ده‌رچوونی بارودۆخ له ده‌ستیان، هه‌ستیان به ڕۆڵ و كاریگه‌ریی پێشمه‌رگه كرد، تا گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ی پێشمه‌رگه بوو به بنه‌مای پێكهێنانه‌وه‌ی سوپای عێراق، دوو لیوای پێشمه‌رگه گواسترانه‌وه به‌غدا به‌مه‌به‌ستی جێگیربوون له نێوان سوننه و شیعه‌دا، جه‌ماوه‌ریش به ته‌واوی له رۆڵ و ئه‌ركیان رازی بوون.