77 ساڵ بەسەر لە دایکبوونی سەرۆک بارزانی و دامەزراندنی پارتی تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ی ئابی 2023، 77 ساڵ به‌سه‌ر لەدایکبوونی سەرۆك بارزانی و دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان تێده‌په‌ڕێت، پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ 16 ئابی ساڵی 1946 به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌ركرده‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد (مه‌لا مسته‌فا بارزانی) دامه‌زراوه‌. سه‌ره‌تا ناوی (پارتی دیموكراتی كورد) بووه‌ و له‌ كۆنگره‌ی سێیه‌مدا كه‌ له‌ 16ی تشرینی دووه‌می ساڵی 1953، کە له‌ شاری كه‌ركووك به‌سترا، بڕیار درا ناوی حیزب بكرێته‌ (پارتی دیموكراتی كوردستان).

پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ھه‌لومه‌رجێك دامه‌زرا كه‌ ھیچ حیزبێكی كوردی له‌ ھه‌رێمی كوردستان نه‌بوو، له‌ ھه‌ناوی شكست و نائومێدی گه‌لی كوردستان و دوای جه‌نگی جیھانی دووه‌م له‌ دایك بوو، پارتی له‌سه‌ر ده‌ستی بارزانی نه‌مر دامه‌زرا، له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ توانیویه‌تی ته‌واوی كوردستانیان به‌ ھه‌موو جیاوازییه‌كانه‌وه‌ كۆ بكاته‌وه‌، ئێسته‌یش یه‌كه‌م حیزبه‌ له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق.

پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ تا ئێسته‌ 14 كۆنگره‌ی به‌ستووه‌.

كۆنگره‌كانی پارتی له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه‌:

كۆنگره‌ی یه‌كه‌م: 16/8/1946 ، به‌ نهێنی له‌ شاری به‌غداد، له‌ ماڵی (سه‌عید فه‌هیم) به‌سترا، به‌ ئاماده‌بوونی نزیكه‌ی (70) نوێنه‌ر.

كۆنگره‌ی دووه‌م: له‌ مانگی ئاداری ساڵی (1951) له‌ شاری به‌غداد، ماڵی (عه‌لی حه‌مدی) به‌سترا، به‌ ئاماده‌بوونی نزیكه‌ی (30) نوێنه‌ری لق و ناوچه‌كانی پارتی.

كۆنگره‌ی سێیه‌م: 26/1/1953 ، له‌ شاری كه‌ركووك ،به‌ ئاماده‌بوونی نزیكه‌ی (35-40) نوێنه‌ر به‌سترا.

كۆنگره‌ی چواره‌م: 4-7/10/1959، له‌ شاری به‌غداد، ماڵی (كاكه‌ زیاد) به‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌لا مسته‌فا بارزانی به‌سترا.

كۆنگره‌ی پێنجه‌م: مانگی ئایاری ساڵی (1960) ، له‌ باره‌گای ئه‌وكاتی حزب له‌ شاری به‌غداد، به‌سترا.

كۆنگره‌ی شه‌شه‌م: له‌ سه‌ره‌تای مانگی ته‌موزی ساڵی (1964) له‌ شارۆچكه‌ی قه‌لادزێ به‌سترا.

كۆنگره‌ی حه‌وته‌م: 15/11/1966 ، له‌ گه‌ڵاڵه‌ به‌سترا.

كۆنگره‌ی هه‌شته‌م: 1/7/1970، له‌ ناوپردان به‌ ئاماده‌بوونی (488) نوێنه‌ر به‌سترا.

كۆنگره‌ی نۆیه‌م: 4/10/1979، له‌ زێوه‌ی ده‌ڤه‌ری (مه‌رگه‌وه‌ڕ) به‌سترا، تیایدا به‌ تێكرای ده‌نگ (سەرۆک مەسعود مسته‌فا بارزانی) به‌سه‌رۆكی پارتی هه‌ڵبژێردرا.

كۆنگره‌ی ده‌یه‌م: 2-12/12/1989، له‌ (مه‌رگه‌وه‌ڕ) به‌ به‌شداری (332) نوێنه‌ر به‌سترا.

كۆنگره‌ی یانزه‌یه‌م: 1993، له‌ هه‌ولێری پایته‌خت، به‌ به‌شداری (2167) نوێنه‌ر به‌سترا.

كۆنگره‌ی دووانزه‌یه‌م: 6-14/10/1999، له‌ هه‌ولێری پایته‌خت، به‌ به‌شداری (1473) نوێنه‌ر به‌سترا.

كۆنگره‌ی سیانزه‌یه‌م: 11/12/2010-18، له‌ هه‌ولێری پایته‌خت، به‌ به‌شداری زیاتر له‌ (1500) نوێنه‌ر به‌سترا.

کۆنگرەی چواردەهەم: 3/11/2022 _16 لە شاری دهۆک بە بەشداری نزیکەی 1000 ئەندام بەڕێوەچوو.

هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان ٢٤ لقی هەیە کە هەریەک لە لقی شەش لە ئەورووپا و لقی ‌حەوت لە ئەمریکایە و ئەوانی دیکە لە ناوەوەی عێراق و هەرێمی کوردستانن و دابەشبوونە بەسەر ناوچە جیاجیاکان و بەشێوەیەکی ریزبەندین تەنها ژمارە 13 نیە.

هاوکات هەر ئەمڕۆش 77 ساڵ بەسەر لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی تێپەڕ دەبێت کە لە رێكه‌وتی 16/8/1946، له‌ شاری مه‌هابادی پایته‌ختی كۆماری دیموكراتیی كوردستان، ئه‌وه‌ش هه‌مان ڕۆژه‌ كه‌ یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی پارتی دیموكراتی كورد له‌ شاری به‌غدا به‌ستراوه‌ و تێیدا ژه‌نه‌ڕاڵ مسته‌فا بارزانی نەمر وه‌ك سه‌رۆكی پارته‌كه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت.

‌پاش نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان، له‌ ساڵی 1947 له‌گه‌ڵ ماڵباته‌كه‌ی و گشت باشوورییه‌كانی نێو كۆمار، ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ باشووری كوردستان. له‌ولایشه‌وه‌، بارزانی نەمر، له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ 500‌ هه‌ڤاڵیدا، روو له‌ یه‌كێتی سۆڤێت دەکات‌ و له‌وێ ده‌گیرسێته‌وه‌ و تا‌ رووخانی رژێمی شانشینی و دامه‌زراندنی كۆماری عێراق له‌ ساڵی 1958، ئینجا ده‌رفه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ده‌ڕه‌خسێت. له‌ هه‌مان كاتدا شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانیش له‌ به‌ندیخانه‌ ئازاد ده‌كرێ.

به‌ ده‌ستپێكی هێرشی سوپای عێراق بۆ سه‌ر باشووری كوردستان له‌ رێكه‌وتی 11/9/1961دا، به‌ ناچاری خوێندن به‌جێ ده‌هێڵێ و له‌ رێكه‌وتی 20ی ئایاری 1962دا په‌یوه‌ندی به‌ ریزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌كات ‌ساڵی 1967 یەكێك لە دامه‌زرێنه‌ران و سەرپەرشتیاری “ده‌زگای پاراستن” بووه‌ له‌ شۆڕشی ئه‌یلولدا.

 

 

 

Back to top button