سەرۆک کۆماری عێراق بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی پەیامێک ئاراستەی سەرۆک بارزانی دەکات

سەرۆک کۆماری عێراق بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێک ئاراستەی سەرۆک بارزانی دەکات و دەڵێت “ئێمە ئیلهممان لە گیانی خۆڕاگری و ئەو ویستە بەهێزەی حیزبە تێکۆشەرەکەتان وەرگرتووە.”

ئەمڕۆ چوارشەممە 16ـی 08ـی 2023 لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە پەیامێکدا بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی نووسیویەتی “بەبۆنەی حەفتا و حەوتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، خۆشحاڵم کە گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی لە بەڕێزتان بکەم و لە رێگەی ئێوەوە پیرۆزبایی لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، کۆمیتەی ناوەندی، بنەماڵەی شەهیدان، تەواوی ئۆرگانەکان، ئەندامان، پێشمەرگە، جەماوەری حیزبە تێکۆشەرەکەتان و هەموو گەلەکەمان دەکەم.”

لەتیف جەمال رەشید لە یادی دامەزراندنی پارتی داوای هەماهەنگی و کاری هاوبەش دەکات و بەپێویستی دەزانێت، وەک لە پەیامەکەیدا دەڵێت “لە کاتێکدا دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبیردەهێنینەوە، لەم قۆناغە گرنگەدا لەسەر ئاستی سیاسی، ئابووری و ئەمنی لە عێراق لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزی، هەماهەنگی و کاری هاوبەش هەیە، لەپێناوی پتەوکردن و پەرەپێدانی بنەمەکانی دیموکراسییەت لە واقیعی عێراقدا و جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکان بۆ دڵنیابوون لە بەدیهێنانی خواست و ئارەزووەکانی گەلی عێراق.”

هەروەها نووسیویەتی “ئێمە ئیلهاممان لە گیانی خۆڕاگری و ئەو ویستە بەهێزەی حیزبە تێکۆشەرەکەتان وەرگرتووە، بە ئامانجی بەدیهێنانی ئاشتی، ئارامی، چەسپاندنی سەقامگیری، سەروەری یاسا، مسۆگەرکردنی مافەکانی هاووڵاتییان، یەکسانی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ژیانێکی شکۆمەند لە کوردستان و هەموو عێراق.”

سەرۆک کۆماری عێراق هیوای بەردەوامی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و تەندروستی بۆ سەرکەوتنی هەمیشەیی بۆ سەرۆک بارزانی دەخوازێت و دەڵێت “لە خودای گەورە داواکارین کە حیزبە تێکۆشەرەکەتان بەردەوام بێت لە رێبازەکەی لەپێناوی یەکڕیزی گەلی عێراق بە هەموو پێکهاتە و هیوای تەندروستی و سەرکەوتنی هەمیشەییتان بۆ دەخوازم.”

 

Back to top button