هێمن هەورامی: سلێمانی بەشێکە لە جەستەی دانەبڕاوی پارتی دیموکراتی کوردستان
هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند، پارتی لەسەر چەند بنەمایەک دروستبووە و لە رووی فکرییەوە شوناسێکی تایبەتی هەیە و زیاتر لە حیزبێکی سیاسییە، هەروەها پارتی کۆکەرەوەی تێکۆشەرانی کوردستانە، پارتی هێز و توانای خۆی لە جەماوەری خۆی وەردەگرێت.
هاوکات راشیگەیاند، ئەو سەربەخۆییەی لەناو پارتی هەیە لەناو هیچ حیزبێکی دیکەی سیاسی نییە، متمانەیەکی تەواومان بە کادیر و جەماوەری خۆمان هەیە تاکە حیزبی رێکخراوەین لە کوردستان، پارتی حیزبێکی پۆپۆلیستی نییە، پارتی حیزبی خاوەن زۆترین متمانەیە لەناو هەرێمی کوردستاندا.
لەبارەی هەڵبژارنی پەرلەمانی کوردستان، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی، ئاشکرایکرد، بڕوامان بەخۆمان هەیە لەو هەڵبژاردنەش حیزبی ژمارە یەکی کوردستان بین.
هێمن هەورامی، دەشڵێت: هێز هەبوو لە پەرلەمان ئەوەندە دەنگە دەنگ و پشێوێ هەبووە، بەڵام کە هاتووەتە سەر یاسادانان هیچ دەنگێکی نەبووە، بەڵام کە دانیشتنێکی کراوە دەبێت کامێرەکەی دادەنێت پەخشی دەکات، چونکە ئامانجی پۆپۆلیستییە نەک یاسادانان.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی، روونیکردەوە، “لەم خولەی پەرلەمان زۆرترین پرسیار ئاراستەی حکومەتی هەرێم کراوە زۆرترین وەڵامی وەرگیراوەتەوە، کابینەی نۆیەم شەفافترین کابینە بووە، کە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنرابوو، هاوکات وەڵامی زۆترین پرسیارەکانی پەرلەمانی داوەتەوە، زۆترین وەزیر هاتوونەتە پەرلەمان و وەڵامی پرسیارەکانیش دراونەتەوە”.
جەختیشی لەوەکردەوە، ئەم خولەی پەرلەمان باشترین خولی پەرلەمان بووە.
لەبارەی شاری سلێمانی، هەورامی گوتی: “سلێمانی بەشێکە لە جەستەی دانەبڕاوی پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی دەتوانێت زۆر کار بۆ سلێمانی بکات، بەڵام هەندێک رێگری هەیە لە رووی حزبییەوە، ئەگەر بمانەوێت ئەو رێگرییانە نەمینێت لەوانەیە شتی نەخوازراو رووبدات، بەداخەوە لەبەر دۆخی سیاسی و ئیداری حکومڕانی سلێمانی نەمانتوانیەوە ئاوڕێکی جدی لە سلێمانی بدەینەوە”.
گوتیشی: ئەو رێگرییانەی لە خەڵکی پارتی لە سنووری شاری سلێمانی دەکرێت، لە هەولێر و دهۆک بەرامبەر بە هیچ لایەنگرێکی لایەنە جیاوازەکان ناکرێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، “لەگەڵ یەکێتی سەرەڕای ئەوەی کۆسپ هەیە لە پەیوەندییەکانی نێوانمان، بەڵام ئیرادەیەکی باش هەیە کە زاڵبین بەسەر ئەم کۆسپانەدا، لەبەر ئەوەی متمانەی هاووڵاتییان بۆ پرۆسەی سیاسی بۆ هەڵبژاردن بەندە بەوەی چەندێک پەیوەندی پارتی و یەکێتی باش دەبێت”.