لەنێو كۆپتەرێكی ئەمریكیدا كە سەرۆك بارزانی و سەركردەیەكی شیوعی تێدا بووە، چی رووی دا؟
سەرۆك بارزانی رووداوێكی سەیر لەنێو هەلیكۆپتەرێكی ئەمریكی ئاشكرا دەكات كە خۆی و سكرتێری پێشووی حیزبی شیوعیی كوردستانی تێدا بووە.
لە لاپەڕە ٢٢٤ی بەرگی شەشەمی زنجیرە كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد) كە ئەم بەرگەیان تایبەتە بە گێڕانەوەی رووداوەكانی نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ تاوەكوو ٢٠١٦، سەرۆك بارزانی باس لەوە دەكات كە رۆژی ٨ـی تشرینی یەكەمی ٢٠٠٥، بەهۆی هەلیكۆپتەرە ئەمریكییەكانەوە سەردانی بەغدای كردووە و لە دیدار و كۆبوونەوەكاندا هەوڵێكی یەكجار چڕ دراوە بۆ هەمواركردنەوەی ژمارەیەك لە ماددە و بڕگەكانی دەستووری عێراق (كە ئەوكات هێشتا دەستوورەكە لە لایەن گەلانی عێراقەوە دەنگی لەسەر نەدرابوو)، كە ئەگەر هەموار بكرانایەوە، ئەوا بۆ خەڵكی كوردستان و تەنانەت هەموو گەلانی عێراقیش زیانبەخش بوو.
سەرۆك بارزانی روونی كردووەتەوە، زۆر بە توندی دژی ئەم هەواڵانە وەستاوەتەوە، پاشان ئێوارەی رۆژی ١٢ـی تشرینی یەكەم ئاهەنگێك لە هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ساز كرا بە بۆنەی ڕاگەیاندنی هەمواركردنەوەكانەوە، هەر هەمان شەویش گەڕاینەوە كوردستان، و بڕیار درا رۆژی ١٥ـی تشرینی یەكەمی ٢٠٠٥ راپرسی لەسەر دەستووری هەمیشەیی عێراق بكرێت.
لە پەراوێزی هەمان لاپەڕەشدا سەرۆك بارزانی رووداوی نێو هەلیكۆپتەرە ئەمریكییەكەی گێڕاوەتەوە و نووسیویەتی: لە شەوەی گەڕانەوەماندا بە هەلیكۆپتەرێكی ئەمریكی، كەمال شاكر، سكرتێری حیزبی شیوعیشمان لەگەڵ بوو (سكرتێری پێشووی حیزبی شیوعی)، دیار بوو قاتێكی كەشخە و تازەشی لەبەر كردبوو. لە شانسی خراپی كاك كەمال لە كونێكی سەقفی كۆپتەرەكە و لەو شوێنەی ئەو دانیشتبوو، ڕۆن و گازوایل رژایە سەر جلوبەرگەكانی. ئەفسەرە ئەمریكییەكانیش دڵنیایان كردینەوە و گوتیان هیچ نییە و شتێكی ئاساییە، بەڵام بەهۆی دەنگی هەلیكۆپتەرەكانەوە كەسمان دەنگی یەكترمان نەدەبیست، بۆیەش من لەسەر پارچە كاغەزێك بۆ كەمال شاكرم نووسی: (دیارە هەلیكۆپتەرە ئەمریكییەكە زانیویەتی تۆ شیوعی و كەسی شیوعی قبووڵ ناكات، ئەگینا بۆچی گازواییلەكە تەنیا بەسەر تۆدا رژا).