گەندەڵی و ساختەکارییەکی گەورەی یەكێتی و حەشدی شەعبی لە سلێمانی ئاشکرابوو

سەرەتای ئەم هەفتەیە بارهەڵگرێكی زرێپۆشی پڕ لە پارە لە رێگای كەركووك بۆ سلێمانی وەرگەڕا، هەرچەند سەرەتا وا بڵاو كرایەوە كە پارەی وەزارەتی دارایی عێراقە و بۆ سلێمانی گواستراوەتەوە، بەڵام دواتر ئەوە رەت كرایەوە و گومانی ئەوە كرا كە ئەو پارەیە بەشێك بێت لە پرۆسەی بە قاچاخبردنی دۆلار لە لایەن حەشدی شەعبی و یەكێتی گومانەكەش لەوەیە كە لە رێگەی ئەو بانكەی لە سلێمانی بە ناوی (لقی سلێمانیی بانكی ناوەندیی عێراقەوە) كردوویانەتەوە، لە كاتێكدا بانكەكە هیچ پەیوەندیی بە بانكی ناوەندیی عێراقەوە نییە.

كەناڵی (الحدث)ی عەرەبی باسی لەو رووداوە کردووە دەڵێ، تا ئێستا كەس خۆی لەو پارەیە نەكردووەتە خاوەن و لەوە دەچێت پارەیەكی گوماناوی بێت ئەمەش مەبەستییەتی تاوەكوو سپی بكرێتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی میدیاکان بڵاویانکردۆتەوە، یەكێتی و بەشێك لە گرووپەكانی دۆستی یەكێتی لەنێو حەشدی شەعبی، لەگەڵ ژمارەیەك دەزگای عێراقی، بە شێوەیەکی نایاسایی و ساختەکاری، لقێکیان بە ناوی بانکی ناوەندیی عێراق لە سلێمانی كردووەتەوە كە ئەو لقە هیچ سیفەتێكی یاسایی نییە و لە لایەن بانكی ناوەندیی عێراقیشەوە وەك لقێك سەیر ناكرێت. ئەو لقە بە مەبەستی شووشتنەوەی پارە بەكار دەهێندرێت و بە نایاسایی پارە حەواڵەی دەرەوە دەكرێت.

پێشتریش پەرلەمانتارێك ئاشکرای کردووە کە هەفتانە ٦٠٠ ملیۆن دۆلار لە سلێمانییەوە بەقاچاخ دەبرێت.

دابان محەمەد، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان رایگەیاندووە، سەرەتا دۆلار بە فڕۆکەی تایبەت و بە نهێنی لە سلێمانییەوە دەبردرایە دەرەوە، هەفتانە 500 بۆ 600 ملیۆن دۆلار دەبرایە دەرەوە، هەر بەو هۆیەوە بوو بردنەدەرەوەی دۆلار لە فڕۆکەخانەکان راگیرا و قەدەغە کرا، چونکە ئەمریکییەکان چاودێریی پرۆسەكە دەکەن، لەبەر ئەوەی بردنە دەرەوەی دۆلارە بۆ وڵاتانی دەوروبەرە.“

دووپاتیشی كردەوە: ” دوای راگرتنی ئینجا چەندان رێگای تریان بەکارهێناوە، لەم ناوچەیە دۆلاری زۆر دەبرێتە دەرەوە، بەڵگەم لایە کە لە هەفتەیەک 600 ملیۆن دۆلار براوەتە دەرەوە و بۆ ئێران نێردراوە لە رێگەی فڕۆكەی تایبەتەوە، لەم ماوانەی دواییشدا تەنیا دۆلار نا، بەڵکوو زێڕیش دەبرایە دەرەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمریکییەکان چەندان جار لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و سەرانی یەکێتی کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە.“

 

 

 

Back to top button