سەرۆک بارزانی لەگەڵ چین و توێژەکانی سنووری قەزای ئامێدی و دەورووبەری کۆبووەوە

رۆژی شەممە 19ی ئابی 2023، سەرۆک مەسعود بارزانی لە قەزای ئامێدی لەگەڵ چین و توێژەکان و پێشمەرگە و هەڵگرانی مەدالیای بارزانی و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و پێکهاتەکان و بەرپرسانی حیزبی و حکومی و جەماوەری سنورەکە لە سنوری لقی 18ی ئامێدی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی وتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کرد و تیشکی خستە سەر خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی ئەو دەڤەرە لە قۆناغەکانی شۆڕش و پێزانینی بۆ قوربانیدان و ماندووبوونی خەڵکی ئەو دەڤەرە هەبوو و باسی ئەوەی کرد کە بۆ گوێگرتن لە راووبۆچوون و داواکاریی و کێشەکانی خەڵکی خۆشەویستی ئەو دەڤەرە هاتووە.

سەرۆک بارزانی ئەوەشی راگەیاند کە لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی خۆیان داوە و دەدەن تاکو دەستی ئاوەدانی و خزمەتکردنی زیاتر بگاتە دەڤەرەکە و روونیشی کردەوە کە هەندێک گرفت بەهۆی بارودۆخی ئەمنی لەم دەڤەرە هەن چونکە هەندێک شوێن و گوندی ئەم دەڤەرە بە هۆکاری ئەمنی نەتوانراوە دەستی خزمەتکردنی پێ بگات و ئەوەش بووەتە مایەی کەمبوونەوەی دەرفەتی کار لە سنورەکەدا و لاوازیی کەرتی تایبەت، راشیگەیاند کە پێویستە حکومەت و حیزب خزمەتکاری میللەتەکەیان بن.

سەرۆک بارزانی لە درێژەی وتارەکەیدا لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند کە بوونی بیروڕای جیاواز لەناو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بابەتێکی سرووشتیە
بەڵام پێویستە هەموو لایەنەکان لەسەرپاراستن و بەهێزکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی هەرێم کۆک بن.

پەیوەست بە بارودۆخی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، سەرۆک بارزانی کورتەیەکی مێژوویی لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە دوای رووخانی رژێم باسکرد و جەختی لەوە کردەوە لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بۆ ئەم مەبەستە گفتوگۆکان درێژەیان هەیە و بە ئومێدین بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە رێز لەرێککەوتنەکان و دەستور بگیرێت و لایەنەکانی عێراق ڕەچاوی بنەماکانی شەراکەت و تەوافق و هاوسەنگی بکەن.

لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی داوای لە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کرد کە سەرنج و پێشنیار و داواکارییەکانیان بخەنەڕوو و لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی وەڵامی پرسیار و داواکاریی ئامادەبوانی دایەوە.

Back to top button