سەرۆک بارزانی لەگەڵ خانەوادەی شەهیدان و تێکۆشەران و هەڵگرانی میدالیای بارزانی و پەککەوتوانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسیی سنووری دەڤەری بادینان کۆبۆیەوە
رۆژی دووشەممە 21ی ئابی 2023 لە شاری دهۆک سەرۆک مەسعود بارزانی بە مەبەستی دیدار و ئاگاداربوون لە ڕەوشی ژیانیان و پێشنیار و تێبینیەکانیان لەگەڵ خانەوادەی شەهیدان و تێکۆشەران و هەڵگرانی میدالیای بارزانی و بریندار و پەککەوتوانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسیی سنووری دەڤەری بادینان کۆبۆیەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی گوتەیەکی پێشکەشی ئامادەبوان کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵ.
سەرۆک بارزانی ئاماژەشی بەو کۆسپ و هەڕەشە و تەحەدییاتانە کرد کە لەبەردەم خەڵکی کوردستاندا هەن و جەختی لە بایەخی پابەندبوون بە هۆشیاریی نەتەوەیی و ئاگادارکردنەوەی گەنجەکان و گەڕانەوە بۆ پڕەنسیپەکان و نیشتیمانپەروەری کردەوە.
سەرۆک بارزانی پێزانینی بۆ قوربانیدان و ماندووبوونی خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە و تێکۆشەران هەبوو و رایگەیاند ئێوە لەپێناو کەرامەتی گەلەکەتان خوێنتان داوە و ماندووبوونە و زەحمەتتان کێشاو و هەرچی بۆتان بکرێت هەر کەمە. من هاتووم گوێ لە گلەیی و گازاندە و ئێش و ئازارەکانتان بگرم و داواتان لێ دەکەم ئەوەی لە دڵتانە بە راشکاوی بۆم باس بکەن.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆیەکی راشکاوانە و بەرفراوان ئەنجام درا و ئامادەبووان پرسیار و داواکاری و تێبینیەکانیان بۆ سەرۆک بارزانی خستەڕوو.