سەرۆك بارزانی لەگەڵ ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی سنووری دەڤەری بادینان كۆبۆوە
لە درێژەی سەردانەكەیدا بۆ دەڤەری بادینان و كۆبوونەوەی لەگەڵ چینوتوێژەكان رۆژی دووشەممە 21ـی ئابی 2023 لە قەزای سێمێل سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ رێكخراوە جەماوەری و پیشییەكان و چالاكوان و میدیاكاران و وەرزشوانان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی سنووری دەڤەری بادینان كۆبۆوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی گوتەیەكی پێشەكەشی ئامادەبووان كرد و رۆشنایی خستەسەر بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و بابەتی هەڵبژاردن و ئەوەی دووپاتكردەوە كە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی گرفتە سیاسییەكان چارەسەر ببن و بە پێویستیشی زانی كە بۆ ئەوەی یەكبوون و یەكڕیزی بێتە ئاراوە، لایەنە سیاسییەكان كۆسپ بۆ ئامانجە ستراتیژییەكان و دۆزی رەوای میللەتەكەمان دروست نەكەن. سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی هەڵبژاردن، متمانە و دەنگی گەلی بە پێوەری سەرەكی بۆ حوكمداری لەقەڵەم دا.
لەبەشێكی تری قسەكانیدا سەرۆك بارزانی كورتەیەكی مێژوویی لە پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ لە بیست ساڵی ڕابردوو باس كرد. هەروەها هێمای بە پابەندنەبوون بە دەستوور و رێزنەگرتن لە رێككەوتنەكان و هەوڵەكان بۆ دروستكردنی كۆسپ بۆ هەرێمی كوردستان دا و ئەوەشی خستەڕوو كە ئەو هەوڵانە دەبنە مایەی قووڵتربوونی كێشەكان و هیچ ئەنجامێكیشی نابێت. هەر پەیوەست بەم تەوەرەوە سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئەو ڕۆژە نەما كە كەسێك یان لایەنێك بیر لەوە بكاتەوە كیانێ هەرێمی كوردستان نەهێڵێت كە بە خوێن و فرمێسكی میللەتەكەمان دامەزراوە.
لەدرێژەی وتەكەی دا سەرۆك بارزانی باسی لە هەوڵ و پڕۆژەكانی حكوومەتی هەرێم كرد و رایگەیاند كە حكومەت كار و بەرنامەی بنەڕەتیی باشی ئەنجام داوە بۆ نەهێشتنی هۆكارەكانی كۆچ و بێكاری و هەروەها دۆزینەوەی سەرچاوەی تری داهات و ژیان بۆ هاووڵاتیان و بایەخێكی زۆری بە كەرتی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و ئاوەدانكردنەوەی ئەو شوێنانەی داوە كە بە هۆكاری ئەمنی دەستی ئاوەدانكردنەوەی نەگەیشتووتێ و داواشی كرد هەموو لایەك هاوكاری حكومەت و پاڵپشتی بن چونكە حكوومەت هی خۆتانە و موڵكی گەلە.
لە كۆتایی وتەكەی سەرۆك بارزانی دەرگەی گفتوگۆ كرایەوە و ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە داواكاری و پرسیار و پێشنیارەكانیان خستەڕوو و سەرۆك بارزانیش وەڵام و بەرچاوڕوونیی پێویستی دایەوە.