سەرۆك بارزانی لەگەڵ مامۆستایانی زانكۆ و پەروەردە و ئاكادیمیەكانی سنووری دەڤەری بادینان كۆبۆوە.
لەدرێژەی سەردانەكەی بۆ دەڤەری بادینان و كۆبوونەوەیان لەگەڵ چینوتوێژەكانی ئەو دەڤەرە ڕۆژی سێشەممە 22ی ئابی 2023 لە شاری دهۆك سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ مامۆستایانی زانكۆ و پەروەردە و ئاكادیمیەكانی سنووری دەڤەری بادینان كۆبۆوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی گوتەیەكی پێشكەش كرد و تێیدا وێڕای ئاماژەدان بە رۆڵی سەرەكیی مامۆستایان لە پێگەیاندنی گەنجان و پێشخستنی كۆمەڵگە و زانست، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی مامۆستایانی زانكۆ كرد كە لە هەموو بارودۆخێكدا لە سەنگەری پێگەیاندن و زانست بوونە و دڵسۆزانە خزمەتی خەڵكی كوردستانیان كردووە و نەیانهێشتووە پڕۆسەی خوێندن و فێركردن رابگیرێت.
سەرۆك بارزانی رۆشنایی خستە سەر بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و جەختی لەوە كردەوە كە هەموو هەوڵێكی خۆی دەدات بۆ فەراهەمبوونی زەمینە بۆ یەكبوون و یەكدەنگیی نێوان لایەنەكان. هەروەها ئەوەشی باس كرد كە جیاوازیی بیروڕا بابەتێكی سرووشتیە بەڵام پێویست دەكات لەسەر ئامانجە ستراتیژی و نیشتیمانییەكان لەنێوان لایەنەكان هاوڕاییەكی تەواو هەبێت.
سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەمێژووی دەوڵەتی عێراق دا كە لەسەر بنەمای شەراكەتی كورد و عەرەب دامەزرا بەڵام ئەو شەراكەتە پشتگوێخرا و بەشی كوردستان جینۆساید و هەوڵی لەناوبردنی میللەتەكەمان بوو و لەدوای رووخانی رژێمی پێشوو ئەو دەرفەتە هاتە پێش كە عێراق لەسەر بنەماكانی شەراكەت و تەوازون و تەوافوق و بەپشتبەستن بە دەستوور ژیانێكی تازە دەست پێ بكات بەڵام دیسانەوە پشت لەو بنەمایانە و دەستوور كرا و نیەتی لاوازكردنی هەرێم و برسیكردنی خەڵكی كوردستان لەناو بەشێك لە دەستەڵاتدارانی عێراقی پەیدا بوو. هەر پەیوەست بەم بابەتە و دوایین هەنگاوەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، سەرۆك بارزانی ئامادەبوانی كۆبوونەوەكەی لە ئەنجامی سەردانی ئەم دوایەی شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان ئاگادار كردەوە.
لەدرێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی هێمای بەو تەوژمەدا كە بەنیازە نائومێدی بڵاو بكاتەوە و هەستی نیشتیمانپەروەری و بەهاكان لەناو كۆمەڵگە نەهێڵێت و داوای كرد كە مامۆستا بەڕێزەكان رووبەڕووی ئەو تەوژمە ببنەوە و كار بۆ قووڵكردنەوەی هەستی نیشتیمانپەروەری و پێكەوەژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی بكەن.
سەرۆك بارزانی باسی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ بنیاتنانی پەروەردە و دۆزینەوەی دەرفەتی كار بۆ گەنجان و سەرچاوەكانی تری داهات بۆ هەرێم و هەروەها دۆزینەوەی هۆكارەكانی كۆچ و رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و داواشی لە مامۆستایان و ئاكادیمیكاران كرد كە لەو ئەركە هەستیارەدا هاوكار و پاڵپشت و ڕێنیشاندەری حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بن.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا دەرگەی راگۆڕینەوە و پرسیار و پێشنیار بۆ ئامادەبوان كرایەوە و سەرۆك بارزانی بەرچاوڕوونی و وەڵامی پێویستی بۆ تێبینی و پرسیاری ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە دایەوە.