بافڵ و قوباد تاڵەبانی دەست بەسەر 22 ملیار دۆلاری یەكێتی دا دەگرن
بافڵ و قوباد تاڵەبانی دەست بەسەر 22 ملیار دۆلاری یەكێتی دا دەگرن، دەیانەوێت بە كەمكردنەوەی ئەندامانی سەركردایەتی و داخستنی كۆمەڵێك میدیا و بارەگای حیزبی و بڕینی مووچەی هەزاران كادری كۆمیتەكان خەرجی حیزبەكە بۆ كەمتر لەنیوە كەمبكەنەوە.
بافڵ و قوباد تاڵەبانی یەکێتی لەبەرامبەر کادیر و ئەندامانی وا نیشاندەدەن کە رووبەڕووی قەیران بۆتەوە، ئەگەرچی ئیدارەی گشتی یەكێتی رۆژانە بەفرۆشتنی نەفتاو هاوردەكردنی جگەرەو مەشروبات و هێلكەو پارەی قومارخانەكانی سلێمانی نزیكەی دوو ملیۆن دۆلار داهاتی هەیە،بەڵام قەیرانی دارایی رووبەرووی یەكێتی بووەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە كە خەرجی مانگانەی یەكێتی بەسەرجەم میدیاكانیشیەوە سێ ملیۆن دۆلارە واتە 300 دەفتەر دۆلار.
سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاندووە:” دوو مانگە مووچەی میدیاكارانی یەكێتی دابەشنەكراوە، نەسریەی مەڵبەندو كۆمیتەكان لەدوای 8ی تەمموزەوە بۆ كەمتر لەنیوە كەمكراوەتەوە، سەدان كادرو راگەیاندنكاری حیزبەكە مووچەیان بڕاوە و نێردراونەتەوە ماڵەوە،بەڵام هێشتاش قەیرانی دارایی بەرۆكی حیزبەكە بەرنادات .
دەشڵێت:” یەكێك لەهۆكارەكانی ئەنجامدانی كۆنگرەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كەبافڵ و قوباد دەیانەوێت بە كەمكردنەوەی ئەندامانی سەركردایەتی و داخستنی كۆمەڵێك میدیاو بارەگای حیزبی و بڕینی مووچەی هەزاران كادری كۆمیتەكان خەرجی حیزبەكە بۆكەمتر لەنیوە كەمبكەنەوە.
ئەوەش ئاشکرابووە کە، ئیدارەی گشتی یەكێتی تا پێش رووداوەكانی 8ی تەمموز خاوەنی 25ملیار دۆلاری كاش بووە ئەمە جگە لەو پارەیەی كەخراوەتە ئیشەوە لەرێگەی كامپانیاكانەوە، بەڵام بەپێی دواین راپۆرتی ئیدارەی گشتی كەچەند رۆژێك پێش ئێستا ئاراستەی بافڵ جەلال حوسامەدین كراوە ئاماژە بۆ ئەوەكراوە كە قاسەی ئیدارەی گشتی بەكۆی ئەو پارانەی لەئیشدان سێ ملیار دۆلارە، واتە 22 ملیار دۆلار دیار نەماوە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەكان،” ئەو پارەیەی كەدیارنەماوە لەلایەن بافڵ و قوبادەوە دەستی بەسەرداگیراوەو لەلایەن شێخ ئەحمەدی نۆكانەوە خراوەتە سەر چەند حساب بانكیەكی بافڵ و قوباد بەناوی وەبەرهێنانەوە لەوڵاتانی چیك و پۆڵەندا و ئیمارات و سپی كراوەتەوە.