سەرۆک بارزانی لەگەڵ چین و توێژەکانی قەزای شێخان کۆبوویەوە
لەدرێژەی سەردانەکەی بۆ دەڤەری بادینان و کۆبوونەوەی لەگەڵ جەماوەری ئەو دەڤەرە رۆژی چوارشەممە 23ی ئابی 2023 سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی قەزای شێخانی کرد و لەگەڵ چین و توێژەکانی ئەو دەڤەرە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی ئامانجی سەردانەکەی بۆ دەڤەرەکە روونکردەوە و وێڕای ئاماژەدان بە پابەندبوونی خەڵکی ناوچەکە بە فەرهەنگی پێکەوەژیان داوای کرد کە رێگە نەدرێت هیچ کەسێک و لایەنێکی نامۆ و لادەر ئەو فەرهەنگە دەوڵەمەندە بشێوێنن.
سەرۆک بارزانی هێمای بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دا و رایگەیاند کە هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ کە دۆخی ناوخۆ چارەسەر بکرێت و هەموو لایەک لەسەر ستراتیژیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی ڕێک بکەون.
ئەوەشی خستەڕوو کە حکومەتی تازەی عێراقی لەسەر بنەمای رێککەوتنێکی گشتی و رەچاوکردنی شەراکەت و تەوازون و تەوافوق دامەزرا بەڵام بەداخەوە ئەو بنەمایانە پشتگوێ خرا. لەدوای سەردانی شاندی باڵای پارتی بۆ بەغدا ئەو چاوەڕوانییە هەیە گرفتەکان چارسەر بکرێن.
لەدرێژەی گوتەکەیدا سەرۆک بارزانی باسی لەوە کرد کە پێویستە هەرێمی کوردستان پشت بە توانا و سەرچاوەکانی ببەستێت و بۆ ئەو مەبەستەش کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بەرنامە و پلانی باشی ئەنجام داوە و دەرئەنجامەکانی بە دیار دەکەون.
هەر لە گوتارەکەیدا سەرۆک بارزانی باسی لەو مەترسی و کۆسپانە کرد کە لەبەردەم گەلی کوردستاندا هەن، داواشی کرد کە هەموو لایەک پێکەوە هاوکار بن بۆ قووڵکردنی هەستی نیشتمانپەروەری و هۆشیارکردنەوی خەڵک بۆ رووبەڕووی ئەو تەوژمە کە شیرازەی کۆمەڵگە و گەنجەکانمان دەکاتە ئامانج.