مەسرور بارزانی: لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانمان تاوتوێ کرد
کەمێک پێش ئێستا کۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەشی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەستی پێ کرد.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیەکەدا رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم گفتوگۆمان کرد.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سەردانیکردنی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: هاتنی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئاماژەیە بە گرنگی پەیوەندی نێوان هەردوولا، گوتیشی: هیوادارم لەم دیدارانەی کە کردوومانە هەموولایەک بتوانین سوودی باشی لێبنین.
مەسرور بارزانی باسی لەوەشکرد، کە ئەوان گفتوگۆیان لەسەر کۆمەڵێک بابەتی گرنگی ناوچەکە کرد، لەوانە پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان تورکیا و عێراق بە تایبەتیش لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەروەها بابەتی چۆنێتی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بتوانن بەپێی مافە دەستووریەکانی هەرێمی کوردستان، کێشەکە لەگەڵ حکومەتی عێراق چارەسەر بکەن، بەجۆرێک لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدا بێت.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر بابەتی ئەمنی و ئاسایشی ناوچەکە گفتوگۆیان کردووە، گوتیشی: ئێمە دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور مافی خۆی جێبەجێ دەکات و، نابێت ببێتە شوێنێک بۆ ناسەقامگیری وڵاتانی دراوسێ و هیوادارین پەیوەندی نێوانمان بەردەوام بێت بۆیی بتوانین رووبەڕووی هەموو جۆرە تیرۆرێک و ببینەوە کە لە ناوچەکەدا هەیە.
لەلای خۆیەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەدا ئاماژەی بەوە کرد: “پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ بەغدا و هەولێر هەموو کاتێک گرنگی خۆی هەیە. لە سەردانەکەمدا بۆ بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆمان لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پرسی ئاو، دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانکەرەکانی عێراق و چەند پرسێکی دیکە کرد”.