ئاری نانەكەلی بۆ ئارێز عەبدوڵڵا : نازانین تۆ و هاوشێوەكانت بۆچی بە بەهێزبوونی كوردستان تەنگاو دەبن!
ئاری نانەكەلی لە وەڵامی ئارێز عەبدوڵڵا دەڵێت : نازانین تۆ و هاوشێوەكانت بۆچی بە بەهێزبوونی كوردستان تەنگاو دەبن!
ئاری نانەكەلی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك)، وەڵامی قسەكانی ئارێز عەبدوڵڵای دایەوە و نووسیوویەتی: ”قسەكانی ئارێز لەو تەوقیتەدا بەڕاستی جێگەی پرسیارە. نازاندرێ لەبەرچی و بۆچی دەبێ ئارێز و هاوشێوەكانی تەنگاو بن ئەگەر پارتی و حكوومەتی هەرێم بیانەوێت كوردستان پارێزراو بێت و بەهێزتر ببێت؟“
ئەو ئەندامەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی هەروەها نووسیوویەتی : ”پارتی خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ بۆ پاراستنی خاكی كوردستان و خەڵكەكەی، هەموو ئیجرائاتێك دەكات بۆ پارستنی خاكی كوردستان و بە تەمای ئەوانە لێ ناگەڕێت كە لە چاوتروكاندێك سەفقە دەكەن و نیوەی خاكی كوردستان دەفرۆشن.“
جەختیشی كردۆتەوە: ”ئەگەر ئارێز عەبدوڵڵا بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستانی لەبەرچاو بوایە، بە كەناڵەكەی پەكەكەی دەگوت ئێوە ئیشتان چیە لە هەرێمی كوردستان و لە مەخموور و شنگال و قەندیل چی دەكەن و خەریكی چین؟ بۆ ناچن لە توركیا خەبات بكەن؟ بۆچی پە*كە*كە رێگر بووە لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوندی هەرێمی كوردستان و بە چ حەقێك ئەو گوندانەیان لە خەڵك داگیر كردووە؟ هەروەك دەشزانین توركیا بە بیانووی بوونی پەكەكە و بەدوای پەكەكەوە هاتۆتە ناو خاكی هەرێم.“
زیاتر دەشڵێت: ”ئارێز باسی نەكێشانەوەی هێزی پێشمەرگە دەكات. پێشمەرگە بەپێی پێویست و بەپێی پلان لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە لە شوێنەكان جێگیر دەبێ، نەك ئەو شوێنانەی ئارێز بێئاگایانە باسی كردووە.“