نهێنی نوێ لەبارەی رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی پەڤگینی پریگۆژین ئاشکرا دەبێت
دوای ئەوەی شەوی چوارشەممەی رابردوو فڕۆكە تایبەتییەكەی پەڤگینی پریگۆژین، فەرماندەی گرووپی ڤاگنەری رووسی تێکشکا هەر زوو بووە سەردێری هەواڵەكان، و پەنجەی تاوان بۆ سەرۆكی رووسیا درێژ كرا.
زۆرینەی بۆچوونەكان بەو ئاراستەیەن كە پریگۆژین كوژراوە، واتە رووداوەكە بە مەبەست بووە، ئەوەش لە دوای دوو مانگ لە یاخیبوونی لە مۆسكۆ و هەڵگەڕانەوەی ئاراستەكردنی هێزەكانی بەرەو پایەتەخت.
رووداوەكە گوماناوی دیارە و بە دڵنیایی نازانرێت بە مەبەست بووە یان بەهۆكاری تەكنیكی، لەوبارەیەوە دوێنێ ڤلادیمێر پوتین رایگەیاند كە رەنگە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە ماوەیەكی زۆر بكێشێت.
شارەزایان چوار سیناریۆیان لەبارەی رووداوەکە خستووەتەڕوو:
سیناریۆی یەكەم، فڕۆكەكە بەهۆی مووشەكی هێزەكانی بەرگری ئاسمانی رووسیا، واتە لە زەوییەوەی تێكشكێنراوە و تەقیوەتەوە، شارەزایان دەڵێن ئەگەری هەیە دوو مووشەكی جۆری ئێس-300 هۆكاری تێكشكانی فڕۆكەكە بن، چونكە كۆمەڵگەیەكی بەرگری ئاسمانی لە نزیك شوێنی تێكشكانی فڕۆكەكە بووە.
سیناریۆی دووەم، بە پێی میدیاكانی رووسیا ئێستە لێكۆڵینەوە لەبارەی بوونی بۆمبێكی چێنراو لەناو فڕۆكەكە دەكرێت، ئەگەرچی بە پێی شارەزایان كەمن ئەو كەسانەی دەتوانن بگەنە ناو فڕۆكەكە، بەڵام رەنگە ئەو كارە لە شوێنی چاككردنەوەی فڕۆكەكان كرابێت، چونكە ئەو فڕۆكەیە پێشتر چاك كراوەتەوە.
سیناریۆی چوارەم، یەكێك لە بۆچوونە بەهێزەكان بوونی بۆمبێكی چێنراوە لە ژووری یەكێك لە تایەكان، كە بەهۆی تەقینەوەكە و كەمبوونەوەی پەستان، هەموو سەرنشینەكان راستەوخۆ لەهۆشخۆیان چوون، ئەوەش وای كردووە تیمی فڕۆكەوانی نەتوانن بوونی كێشەیەك بە بەرپرسان رابگەیەنن.
سیناریۆی چوارەم،، بریتییە لە پەككەوتنێكی تەكنیكی لە فڕۆكەكە، بەتایبەتی كە بەپێی راپۆرتەكان فڕۆكەكە كە لە جۆری “ئەمبریر135″ـە ماوەی 10 رۆژ بەر لە گەشتەكە چاك كراوەتەوە، بۆیە لەكاتی رووداوەكە، رۆستەم كەریمۆڤ، یاریدەری فڕۆكەوانی سەرەكی فڕۆكەكەی لە دوای چاككردنەوەی بە هاوەڵی پریكۆژین و ئۆتكین بەرەو سان پترسبۆرگ هەڵفڕاندووە، كە دوایین گەشتی ئەو فرۆكە بووە.