رۆژنامەنووسێکی یەکێتی: درۆیەکی حیزبەکەی دژ بە خەڵکی کوردستان ئاشکرا دەکات
پاش ئەوەی چەندان ساڵە یەكێتی و بەشێك لە حیزب و بەناو چالاكوان و رۆژنامەنووس و كەمپینچییەكانی سلێمانی داوا لە هەرێمی كوردستان دەكەن، هەموو شتێك رادەستی بەغدا بكات، كەچی بەغدا لە یەكەمین تاقیكردنەوەدا شكستی هێنا و سەلماندی بە ڕادەستكردنەوەی هەموو شتێك بە بەغدا، دۆخی خەڵكی كوردستان خراپتر دەبێت، پەیتا پەیتا یەكێتییەكان دەگەنە ئەو باوەڕەی كە رادەستكردنی ئهەموو شتێك بە بەغدا، دۆخی كوردستان خراپتر دەكات.
لەمبارەیەوە ئادەم ئاودەڵ، راگەیاندكاری یەكێتی لە رانیە كە یەكێكە لەوانەی بەردەوام بەرگریی لە سیاسەتی خۆبەدەستەوەدانی حیزبەكەی دەكات، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردۆتەوە: بەغدا ئامادە نییە 598 ملیاریش بۆ هەرێم بنێرێت، دەیەوێ زۆر کەمتر لەو رێژەیە دیاری بکات. ئەوان بە حەز و ویستی خۆیان تەفسیر بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە دەکەن.
هەروەك دانی پێدا ناوە و نووسیویەتی: نەوتەکە لای خۆمان بوایە، وەزعەکە زۆر خاستر بوو.
ئەمە یەكەمین رۆژنامەنووسی نزیك لە یەكێتی نییە كە دان بەوەدا بنێت، سیاسەتی تەسلیمكردنەوەی هەموو شتێكی كوردستان بە بەغدا، زەرەر لە خەڵك و قەوارەی هەرێمی كوردستان دەدات، پێشتریش لە 26ی 7ی 2023، سەرتیپ وەیسی كەریم، رۆژنامەنووسی نزیك لە یەكێتی، نووسینێكی بڵاو كردبووەوە و رای گەیاندبوو: سياسەتی پشتگيری لە رادەستكردنی هەموو شتێك بە بەغدا کوێرانە بوو.
هەروەك روونی كردبووەوە: خەياڵپڵاویيە وابزانی بەغدا ماددە و بڕگەكانی پشكی هەرێم لە بودجە وەك خۆی جێبەجێ دەكات و مووچەی فەرمانبەران بەبێ كێشە دەنێرێت. لە وردەكاریی جێبەجێكردنی ياسای بودجە و كێشەی نەوت جیاوازىی زۆر هەيە لە نێوانیان.
ئەو رۆژنامەنووسەی نزیك لە یەكێتی ئامۆژگاریی خەڵك دەكات بەوەی، گوێ لە حیزبی پۆپۆليست و كۆنە پەرلەمانتار مەگرن، چونكە ئەوان ئاگايان لە وردەكارييەكان نييە و چەواشەکاری دەکەن، چونکە مێزی گفتوگۆ و دەوڵەتی عەمیقەی بەغدا شتێكی ديكەمان پێ دەڵێن.
لە كۆتاییشدا جەختی كردۆتەوە: لە سيستەمی حوكمڕانیی شيعەدا دانوستاندن لەگەڵ حكوومەت بەرهەمی ئەوتۆی نابێت، خەڵكی ديكە بڕیار لەسەر بابەتەكان دەدەن.