مەسرور بارزانی، چەند بڕیارێکی بۆ خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت دەرکرد
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی بۆ خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت دەرکرد.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر، رایگەیاند:”بۆ زەویی سندووقی و خانووكردن لە حەرەمی گوندەكان و رێگەپێدان بۆ نۆژەنكردنەوەی خانوو لە كۆمەڵگاكان، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت رەزامەندی لەسەر چەند بڕیارێك دەربڕیوە،
دەشڵێت: “خەمڵاندنی نرخی زەویی سندووقی لە 30% كراوەتە 10% و تاپۆ دەكرێن و رێگەپێدانی خانووكردنیان پێ دەدرێت.”
ئەوەشی باسکرد: “پێشتر ئەو رێنوێنییانەی كە بۆ زەویی سندووقی دەركرابوون تێبینییان لەسەر هەبوو، بەهۆی ئەوەی داواكارییەكی زۆری خەڵك هەبوو بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە رسووماتدا بكرێت، چونكە ئەوكات خەمڵاندنی تاپۆكردنیان بە 30%ی نرخی رۆژ بوو، لەو شوێنانەی كە زەوییەكانیان لێییە.”
گوتیشی: ” بڕیاری زۆر باش دراون، خەمڵاندنی نرخی زەوەیی سندووقی لە 30% كراوەتە 10% و تاپۆ دەكرێن و رێگەپێدانی خانووكردنیان پێ دەدرێت، هەروەها هەر شوێنێك پێویست بكات بۆ فراوانكردنی حەرەمی گوند، لێژنەكانی شارەوانی ئامادەكاریی بۆ دەكەن و راسپاردەی یەكە ئیدارییەكان دەدرێتە پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگاكان و بۆ فراوانكردنی حەرەمی گوندەكان رەزامەندیی لەسەر دەدرێت.”
ئومێد خۆشناو ئاشكراشی كرد، ” بەپێی بڕیارەكان، دەست دەكرێت بە رێگەپێدانی نۆژەنكردنەوەی خانووەكان لە كۆمەڵگاكان و شوێنەكانی دیكە،”
گوتیشی: “ئەو خانووانە پێشتر لەو شوێنانە دروست كراون و رێگەیان پێ نەدەدراوە نۆژەن بكرێنەوە، ئێستا هەواڵی خۆش بۆ ئەوان ئەوەیە، بڕیاری رێگەپێدانی نۆژەنكرنەوە دەدرێت و نۆژەنكردنەوەكانیش دەست پێ دەكەنەوە.”