بڵند ئیسماعل: ئەوەی پارتی لە 31ی ئاب ئەنجامی دا پاراستنی هەرێمی کوردستان بوو لە لەناوچوون

ستران عەبدوڵڵای تەقریرنووس و ماستاوچی و کوڕی موختارە بەعسییەکەی کەرکووک پەلاماری پارتی دەدات، بەبۆنەی نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی 31ی ئاب كە پارتییەكان بە وەرچەرخانێكی گرنگ لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستان وەسفی دەكەن.

لە بەرامبەردا بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند: ”ئەمە سەرەتایە، ئێستا یەکێتی بەرەو کۆنگرە دەچێت، بێگومان ئەوانەی دەیانەوێ خۆیان لە بافڵ و قوبادی برای نزیک بکەنەوە، دەبێ هێرش بکەنە سەر پارتی و شتی لەم جۆرە بنووسن، تاکە شت کە مەودای نێوان بەرپرسانی یەکێتی و ماڵی تاڵەبانی کەم دەکاتەوە، هێرشکردنە سەر پارتییە، بەداخەوە شتی دیکەیان پێ نییە و قوباد و بافڵیش لەوە زیاتریان لێیان ناوێ، بۆیە لەم ماوانەدا ئەم جۆرە شتانە زۆرتریش دەبن.“

ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێ: ”هەرچی دەربارەی 31ی ئابە، ئەو رۆژە گەورەترین مانۆڕی سیاسی و سەربازییە لە مێژووی رزگاریخوازی شۆڕشی کوردستان و ناوچەکە، کە گەلی کورد و هێزێکی سیاسیی وەک پارتی توانییان هێزی دوژمن بەرامبەر دوژمنێکی دیکە بەکار بهێنێ، کە ئەنجامەكەش لە بەرژەوەندی گەلی کورددا بێت، بەبێ ئەوەی هیچ سازشێك و شتێکی پێشکەش بکات، شتی لەم چەشنە کەم بووە، کە هێزێکی سیاسی بتوانێت هێندە ئاقڵانە شتێکی لەم جۆرە بکات، بۆیە ئەم مناوەرە ئاقڵانەیە تەنیا لە پارتی و سەرکردایەتی بارزانی دەوەشێتەوە، چونکە 31ی ئاب کردارێک نەبوو ئێمە بیکەین، بەڵکو پەرچەکردارێکی ناچاری بوو، کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامی دا.“

بڵند ئیسماعیل گوتیشی: ”ئەگەر بەر لە 31ی ئاب، رووداوەکانی مانگێک یان دوو هەفتە پێش ئەو وادەیە، وەبیر خۆمان بهێنینەوە، پارتی لە یادکردنەوەی یۆبیلی زێڕینی خۆیدا بوو و دەستپێشخەری ئاشتی كرد، كەچی یەکێتی بە پاڵپشتی تۆپخانەكانی ئێران خەریک بوو بگاتە نزیک سۆران و دەڤەری باڵەکایەتییان هەمووی داگیر کردبوو، هەروەها هێزێکی گەورەتریش بەنیاز بوو بێت، بۆیە هیچ رێگایەک لەبەردەم پارتیدا نەبوو، یان دەبوو هەرێمی کوردستان بکەوتایەتە ژێر دەستی هێزێکی بێگانە، کە ئێران بوو، ئەو کاتە نەک هەر پارتی گۆشەگیر دەکرا، بەڵکو شتێک بە ناوی هەرێمی کوردستان نەدەما، ئەمریکا و هاوپەیمانانیش رێگەیان بە عێراق دەدا بێت هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، لەبەر ئەوەی ئێران هاتبووە ناو هەرێمی کوردستان و میلیشیا لە کوردستان جێگیر دەکرا، لە هەمان کاتدا یەکێتییش زەرەری تێدا دەکرد و هیچ دەسەڵاتێکی نەدەما، بۆیە ئەوەی پارتی کردی شتێک بوو بۆ دەربازکردنی هەرێمی کوردستان بوو.“

ئەوەشی خستە روو، کە هەموو ئەو دەستکەوتانەی دوای ساڵی 1996 هاتوونە دی، چ لە ئاوەدانکردنەوە، چ لە جێگریربوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان و پاراستنی، چ لە رێککەوتنی ستراتیژی نێوان ئێمە و یەکێتی، هەمووی دەستکەوتی 31ی ئابن، ئەگەر 31ی ئاب نەبوایە، لەوانەیە ساڵی 2003مان نەدیبایە، کە رژێمی بەعس رووخا، چونکە ئەمریکا لەوانەیە لە عێراق بکشابایەوە، ئەو کاتەش ناوچەی ئارام نەدەما، ئەمە مەسەلەیەکی زۆر گەورەیە و شتێک نییە بە دوو دێڕ و سێ دێڕ و پەخشانێک کۆتایی پێ بێت و بە بەژن و باڵای چوار کەس هەڵبگوترێ و یەکێتی وا پیشان بدا هێزێکە غەدرلێکراوە، بەپێچەوانەوە، گەورەترین بەرگەگرتنی سیاسی، کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق رووی دا، 31ی ئاب بوو، كە لە بەرژەوەندی گەلی کوردستاندا بوو، نەک وەک خیانەتی شووم و ریسوایی و بێ دەسکەوتی 16ی ئۆکتۆبەر، کە سەرانی یەکێتی نیوەی خاکی هەرێمیان رادەستی میلیشیاكان کرد.“

هاوکات لەبارەی ئەو قسەیەی نێوخۆی کادرانی یەکێتی و بەرپرسە باڵاکانیان، کە بە ستران دەڵێن کوڕی موختارەكەی بەعس، بڵند ئیسماعیل گوتی: ”ئەمە زەخیرەیەکی زۆر باشە لەلای سەرکردە تازەپیاكەوتەکانی یەکێتی کە هەر كاتێ پەراوێز دەخرێن یەکسەر پەلاماری پارتی دەدەن، بە نووسینی وتار یان لێدوانێک خۆیان لە ماڵی مام جەلال نزیک دەکەنەوە، جگە لەوەش، ئەم برادەرە باسی شەهید دەکات، بۆ یەکێتی کەم تاوانی کرد؟ چ لە رانیە، چ لە سلێمانی و شوێنەکانی دیکە، شتی هێندە قێزەونیان کردووە، نازانم چۆن روویان دێ پەڕەکانی مێژووی پیسیان هەڵدەدەنەوە، بە نموونە، لە رانیە بە خوێنی شەهیدەکانی ئێمە لەسەر دیوارەکان دەیاننووسی، نزیکترین نموونە، کە هەموومان لەبەرچاومانە، خیانەتی گەورەی 16ی ئۆکتۆبەرە، کە نیوەی خاکی هەرێمیان رادەست کرد، ئێستا ببینن دۆخی کەرکووک چۆنە؟ دۆخی یەکێتی خۆی، کە بە زەلیلی و ملكەچی لەو شارەدا ماوەتەوە چۆنە؟“
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا، کە سەرکردەکانی یەکێتی خۆیان لە یاداشتەکانیاندا نووسیویانە، باس لەوە دەکەن، گوارەیان لە گوێی ژنە شەهیدەکان دەرهێناوە، هەروەها پەنجەیان بڕیون و ئەڵقەیان لە دەست دەرهێناونن، ئەمە بە روونی لە یاداشتی بەشێک لە سەرکردەکانیان نووسراوە، کە چ تاوانێکیان لە هەڵەبجە کردووە.

هەروەها بڵند ئیسماعیل دەشڵێ: ”ستران باسی هەکاری دەکات، جارێ سەیرم لێ دێ كوڕێ بەعسییەك باسی سەردەمی شەڕی هەكاری بكات، ئنجا لێرەدا دوو شت هەیە، یەکەم ئەوەیە بەشێک لە سەرکردەکانیان، کە نەچووبوونە ئەو شوێنە، بۆ ئەوە بووە و ویستوویانە ئەمانە بکەن بە قوربانی، دووەم بۆ ئەوە بووە پەلاماری پارتی بدەن و قیادە موەقەتە لە پارتی نەهێڵن، دەنا من دەپرسم، هێزێکی هەزار کەسی بۆ وەرگرتنی هەزار پارچە چەک دەنێردرێت؟ پرسیارێکی دیکە ئەوەیە، حزبێک چۆن توانیویەتی هەزار پارچە چەک لە وڵاتێکی دیکە بهێنێت؟ لەکاتێکدا ئێمە چەکمان دەهێنا، کە 10 تا 30 پارچە بوو و دەبوو بە هەزار رێگای قاچاخ و رێ گۆڕینی شەوانە دەرباز بكرابوایە. باشە با پێمان بڵێن ئەو هەزار پارچە چەکە ئەگەر لە سووریاوە دەهات، دواتر چارەنووسی چی لێ هات؟ ئەی بۆ باسی ناکەن؟ ئەو چەکانە کێ بۆی ناردبوون؟ چۆن دەکرێ هەزار کەس بە رێگەی قاچاخ بۆ وەرگرتنی هەزار پارچە چەک بێن؟ ئەمەی دەیڵێن شتی خورافیاتە، کە ئەوان ناویان لێ ناوە کارەساتی هەکاری، چونکە خۆیان ئەو دۆخەیان بۆ خۆیان دروست کردووە، ئەنجامەکەشی لەناوبردنی هێزێکی گەورەی خۆیان بوو.“

سەبارەت بەوەی یەکێتی ئەرکی نوێنەرایەتی ئێران و دوژمنانی کورد لە هەرێمی کوردستاندا لەئەستۆ گرتووە، بڵند ئیسماعیل رایگەیاند: ”بە کورت و کرمانجی، ئێستا دوژمنەکانمان لە پشوودان، پێویست ناکات ئەوان هیچ هێز بەرامبەر هەرێمی کوردستان بجووڵێنن، لەبەر ئەوەی ئەوان یەکێتییان لەبەردەستە و هەرچییان بوێت یەکێتی بەوەکالەت بۆیان دەكات، کاتێک هەرێمی كوردستان بەهێز دەبێت، لە رێگای یەکێتییەوە هەوڵی بچووکردنەوەی دەدەن، ئەگەر کوردستان گرفتی لەگەڵ بەغدا هەبێت، لە رێگەی یەکێتییەوە هەوڵ دەدەن کێشەکان گەورە بکرێن، بۆ ئەوەی مووچە و بودجە نەنێرن، بۆ ئەوەی کێشە لە هەرێم هەبێت و خەڵک بێزار بکەن.“

Back to top button