پێش 31ی ئاب یەکێتی و ئێران پیلانیان دانابوو پارتی و کوردستان لەناوبەرن

سەرۆک بارزانی لە کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، باسی رووداوە مێژووییەکانی گەلی کوردستانی کردووە کە رۆژانی پێش 31ی ئابی ساڵی 1996 روویانداوە، وەک پیلانگێڕی یەکێتی و ئێران بۆ لەناوبردنی پارتی‌ و هەوڵدان بۆ داگیرکردنی کوردستان، کە بەهۆی شەڕفرۆشییەکانی یەکێتی و ئێران چەندین پێشمەرگە و رۆڵەی کورد بە دەستی یەکێتی شەهید کراون.

سه‌رۆك بارزانی له‌ كتێبه‌كه‌دا نووسیویه‌تی‌، “به‌ره‌به‌یانی‌ 17ی‌ ئابی‌ 1996 هێرشه‌ به‌ربڵاو و فراوانه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌ له‌ هه‌موو میحوه‌ر و به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕ له‌ باڵه‌كه‌وه‌ تا دێگه‌ڵه‌ ده‌ستی‌ پێ كرد، له‌ میحوه‌ری‌ باڵه‌ك یه‌كێتی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ به‌ده‌ست هێنا و چه‌ندین شوێنی‌ گرنگ و ستراتیژییان گرت كه‌ له‌ ئه‌نجامی‌ خیانه‌تی‌ كه‌سێك بوو، به‌ره‌به‌یان كه‌ راپۆرت و برووسكه‌ی‌ هه‌واڵه‌كانی‌ به‌ره‌كانم بۆ هات، زانیم كه‌ شه‌ڕی‌ ئه‌مجاره‌ زۆر جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ شه‌ڕی‌ قۆناغه‌كانی‌ پێشتر، بۆردمانی چڕی كاتیۆشا كاری‌ یه‌كێتی‌ نه‌بوو، چاك ده‌مانزانی‌ كه‌ ئه‌وه‌ تۆپخانه‌ی‌ ئێرانه‌ و زیانێكی‌ زۆریان به‌ هێزه‌كانمان گه‌یاند، هه‌وڵێكی‌ یه‌كجار زۆرمان له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریكادا بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاگه‌داریان بكه‌مه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ هێرشی‌ ئێرانه‌ دژی‌ پارتی‌ و پێویسته‌ هه‌ڵوێستتان هه‌بێت، به‌ڵام هیچ هه‌ڵوێستێكیان نه‌بوو”.

هه‌روه‌ها سه‌رۆك نووسیویه‌تی‌، تا ده‌هات به‌شداری‌ ئێران له‌ شه‌ڕدا فراوانتر ده‌بوو، به‌ جۆرێك كه‌ له‌ 20ی‌ ئابی‌ 1996 له‌ به‌ره‌ی‌ قه‌سرێ‌ و مامه‌ڕووت، تۆپخانه‌كانی‌ ئێران سه‌نگه‌ره‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ پارتییان به‌شێوه‌یه‌ك بۆردمان كرد كه‌ له‌و میحوه‌ره‌دا نزیكه‌ی‌ هه‌زار پێشمه‌رگه‌ به‌ ناچاری‌ په‌رت و بڵاوبوون، باشترین پێشمه‌رگه‌كانی‌ پارتی‌ كه‌ پێکهاتبوون له‌ سوپای‌ بارزان و سوپای‌ كه‌ركووك، له‌و میحوه‌ره‌ بوون، 140 شه‌هید و 400 بریندار هه‌بوو، تا ئه‌وكاته‌ له‌ هیچ شه‌ڕێكدا ئه‌و زیانه‌مان نه‌دابوو، له‌ ئه‌نجامدا نیمچه‌ رووخانێك به‌سه‌ر هێزه‌كانماندا هات، له‌و به‌ینه‌دا داوام له‌ سوپای‌ دوو و له‌شكری‌ تایبه‌تی‌ یه‌ك و له‌شكری‌ تایبه‌تی‌ دوو كرد كه‌ به‌ره‌ی‌ سه‌فین و شه‌قڵاوه‌ و دێگه‌ڵه‌ به‌هێز بكه‌ن.

لە کتێبەکەدا سه‌رۆك بارزانی‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ له‌و دۆخه‌دا سه‌ردانی‌ به‌ره‌ی‌ باڵه‌كی‌ كردووه‌، د. رۆژی‌ نووری‌ شاوه‌یس و بابه‌كر زێباری‌ له‌گه‌ڵم هاتن له‌ ناوچه‌ی‌ دار سه‌لام له‌ گه‌ڵاڵه‌، گه‌یشتینه‌ هێزه‌كانمان كه‌ پاشه‌كشه‌یان ده‌كرد، هه‌رچۆنێك بێ هێڵێكی‌ به‌رگریمان له‌ ناوچه‌كه‌دا دانا به‌مه‌به‌ستی‌ زیاتر به‌هێزكردنی‌ ئەو به‌رەیه‌، هێزێكی‌ سوپای‌ یه‌كیش گواسترایه‌وه‌ ناوچه‌كه‌ و دڵنیا بووین كه‌ هێزێكی‌ به‌رگری‌ پته‌ومان له‌و سنووره‌دا هه‌یه‌، له‌وكاته‌دا بوو پلانه‌ جه‌هه‌نه‌می‌ و هاوبه‌شه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌ و ئێران ده‌ستی‌ پێ كرد، هێزێكی‌ به‌رچاوی‌ یه‌كێتی‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی‌ شێردڵ حه‌وێزی‌ و محه‌مه‌د عه‌لی‌ قه‌ره‌چه‌تانی‌، به‌ هاوكاری‌ و یارمه‌تی‌ ئێران له‌ قه‌ڵادزێوه‌ به‌ رێی‌ سه‌رده‌شتدا گواسترانه‌وه‌ شنۆ و كه‌ڵشین، دواتر یه‌كێتی‌ به‌ پشتیوانی‌ تۆپخانه‌كانی‌ ئێران له‌ ناوچه‌ی‌ كه‌ڵشینه‌وه‌ دابه‌زینه‌ ناوچه‌ی‌ سیده‌كان”.

“رۆژی‌ 21ی‌ ئابی‌ 1996 شه‌ڕێكی‌ یه‌كجار توند و به‌رفراوان له‌ ناوچه‌كه‌دا روویدا، به‌رله‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ حه‌میده‌ فه‌ندی‌ و عومه‌ر عوسمان بگه‌نه‌ ناوچه‌كه‌، جه‌ماوه‌ری‌ ناوچه‌كه‌ شانبه‌شانی‌ هێزی‌ سیده‌كان خۆڕاگری‌ و به‌رگرییه‌كی‌ قاره‌مانانه‌ و پاڵه‌وانانه‌یان كرد و رێگرییان له‌ هێزه‌كان كرد بگه‌نه‌ سیده‌كان، دوای‌ گه‌یشتنی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ی‌ سیده‌كان و داڕشتنی‌ پلانێكی‌ تۆكمه‌ی‌ به‌رگری‌، هێزه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ تێكوپێك شكێنران، یه‌كێتی‌ له‌و شه‌ڕه‌دا زیانێكی‌ زۆریان پێگه‌یشت، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌وتنه‌ هه‌ڵهاتن كه‌ هه‌موو رێیه‌كانیان لێ‌ بزر بووبوو، تۆپخانه‌كانی‌ ئێرانیش دادی‌ نه‌دان، ئه‌وانه‌ی‌ هه‌ڵهاتن چوونه‌ ناو خاكی‌ ئێران، جه‌ماوه‌ری‌ ناوچه‌ی‌ شنۆ و گونده‌كانی‌ سه‌ر رێگا تف و له‌عنه‌تیان لێ‌ ده‌كردن و سووك و رێسوایان كردن، قادر به‌گ و چه‌ندان سه‌رۆك جاشی‌ تر كوژران”.

هه‌روه‌ها، فه‌رمانده‌ی‌ سه‌ربازی‌ یه‌كێتی‌ به‌ناوی‌ محه‌مه‌د عه‌لی‌ قه‌ره‌چه‌تانی‌ كه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ مه‌یدانی‌ شه‌ڕی‌ ده‌كرد، له‌ناو كوژراوه‌كاندا بوو، له‌و پیلان و شه‌ڕفرۆشییه‌ی‌ یه‌كێتی‌ و ئێران زیانێكی‌ زۆر به‌ناوچه‌كه‌ گه‌یشت، ئه‌م شكسته‌ هاوسه‌نگی‌ هێزی‌ گۆڕی‌، ئێمه‌ وامان لێكدایه‌وه‌ كه‌ دوای‌ ئه‌و شكسته‌، ئێران و یه‌كێتی‌ ده‌وه‌ستن، به‌ڵام دیاربوو هه‌ر توندتر بوون و به‌ گه‌رموگوڕییه‌كی‌ زیاتره‌وه‌ هێرشه‌كه‌یان به‌رده‌وام بوو، ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیاش هیچ هه‌ڵوێستێكیان نه‌بوو و وه‌ك ته‌ماشاكه‌ر مانه‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ ئاگادار بین، توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی‌ له‌ یه‌كێتی‌ كردبوو ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ بێته‌ ناو شه‌ڕه‌كه‌وه‌، توركیایش یارمه‌تی‌ پارتی‌ ده‌دات.

Back to top button