شوان زراری: ۳۱ـی ئاب ئه‌ركێكی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی بوو

۳۱ـی ئاب ئه‌ركێكی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی بوو

روداوێکی گرنگی وەکو ۳۱ـی ئاب هەروا روداوێکی سادە و بێ پێشەکی نەبوو، بەڵکو دەرئەنجامی ئەو خۆ بەگەورە زانینی یەکێتی بوو کە بە پشت گەرمی ئێران و پە*کە*کە لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خاکی هەرێمی کوردستاندا ئەنجامی دەدا هاتەکایەوە روویدا.

لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە یەکێتی هیچ کات خوازیاری شەڕ نەبووە لەگەڵ پارتی، هەموو ئەو شەڕانەی لە دوای داستانی هەکارییەوە بەرامبەر پارتی هەڵیگرساندوون، پێی کراوە. چوون هیچ هێزێکی سیاسی نییە لە دنیادا دەستپێشخەربێت بۆ شەڕێک کە شکست و دۆڕانی مسۆگەرە، لە پاش داستانی هەکارییەوە یەکێتی هیچ کات ئەو هێزەی نەبووە بەرامبەر پارتی بجەنگێت.

پاش کۆڕەوی کوردان لە ساڵی ١٩٩١ و دیاریکردنی هێڵی ٣٦ وەک سنوور لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ هێزەکانی رژێمی بەعس و پێش ئەوەش ئەو هێرشەی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ سەر سوپای عێراقی بەعسی لە کەنداو، ئاماژەی گەورە و ئاشکرای نزیکبوونەوەی کۆتایی حوکمی رژێمی بەعس بوون لە عێراق، کۆماری ئیسلامی ئێران دوای ئەو ئاماژانە لە هەوڵی خۆ ئامادەکردندابوو بۆ قۆناغی نوێ کە کەوتنی دەسەڵاتی بەعس بوو، خۆ ئامادەکردنەکەش بریتبوو لە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی ڕژێم کە کوردستانی دەگرتەوە.

ئێران یەکێتی ناچارکرد شەڕی ناوخۆ دژ بە پارتی بەرپا بکات، وەک بینیمان لە یەکەم هەنگاودا لە مایسی ساڵی ١٩٩٤ هێزەکانی یەکێتی بێ بوونی هیچ هۆکار و بیانوویەک هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی پارتی لە قەڵادزێ و زیاد لە بیست پێشمەرگەی پارتییان شەهید کرد و شەڕی ناوخۆیان هەڵگیرساند.

هەڵەیەکی مێژوویی گەورەیە گەر وابزانین یەکێتی لە کۆتاییدا بە ناچاری هانای بۆ ئێران بردووە، راستییەکەی ئەوەیە هەر لە سەرەتاوە ئێران یەکێتی ناچارکرد ئەم شەڕە هەڵبگیرسێنێ و هەر خۆشی هاوکاریی تەواوی لۆجستی و سەربازیی ئەکات، هەر واشبوو.

درێژەی شەڕەکە لەو چەند ساڵەدا وەک هەمووان دەیزانن بەردەوام بریتی بوو لە گۆڕانی تەرازووی هێز لە نێوان هەردوو بەرەی شەڕەکەدا کە ئێران و پارتی بوون، یەکێتی تەنیا هێزێک بوو لە ژێر دەستی ئێراندا و هەرگیز وەک بەرەیەکی شەڕەکە هەژمار ناکرێ، تا ئەو کاتەی بڕیاردرا ئێران و بەکرێگرتەکانی کە پە*کە*کەش یەکێکیان بوو بە یەکجاری پارتی لەسەر نەخشەی حوکمڕانی کوردستان بسڕنەوە ئەمەش دوای هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکرات بە چاوساغی یەکێتی و دەستبەسەرکردنی فەرماندە و پاسدارەکانی ئێران لەلایەن پارتییەوە باشتر روون بۆیەوە.

ئەم شەڕ و هێرشانەی ئێران ئەگەرچی دژ بە پارتی بوون، بەڵام راستەوخۆ دژ بە خواست و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان بوو، لەوەش گرنگتر ڕاستەوخۆ گەورەترین هەڕەشەبوو لەسەر رژێمەکەی سەدام. ئێران و یەکێتی بوونە دوژمنی هاوبەشی ئەمریکا و بەعس و پارتی.

رێسای دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە بۆ ئەو دۆخە لۆژیکیترین بنەمای رێکەوتن بوو، ئەمریکا و فەڕەنسا و ئیسرائیل و هاوپەیمانان گڵۆپی سەوزیان بۆ سوپای عێراق هەڵکرد لەژێر فەرمانی پارتیدا هێڵی ٣٦ ببەزێنێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسی و هەڕەشەکانی ئێران و راوەدوونانی بە مەرجی گەڕانەوەی راستەوخۆی سوپای عێراق بۆ ئەودیوی هێڵی ٣٦ دوای کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنەکە، هەر بەو شێوەیەش کۆتایی هات.

لە هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆدا ئێران یەکێتی کردە بەکرێگیراوی خۆی و هاوکێشەکە تا ئێستاش بەو شێوەیە بەردەوامە، بەڵام لە ٣١ی ئابدا پارتی سوپای عێراقی گەورە دوژمنی کردە بە کرێگیراوی خۆی، جیاوازییەکە ڕوون و گەورەیە، شەڕی ناوخۆ خیانەتێک بوو یەکێتی کردی، ٣١ی ئاب شانازییەک بوو پارتی تۆماریکرد.

داڕێژه‌ری ته‌سلیمکردنی سلێمانی و هه‌ولێرو سنوره‌کانی بوو به‌ ئیتڵاعات و سوپای پاسدارانی ئێران ،تۆمارێکی ڤیدیۆی ” نەوشیروان مستەفا ” هەیە کە دەڵێت : تۆپخانەکانی ئێران ٥۰۰ پێشمەرگەی پارتییان کوشتووە .

۳۱ـی ئاب رۆژی رزگار بوونی کوردستان بوو له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزی ئاخوندەکانی ئیتلاعات و پاسداری کۆماری ئیسلامی ئێران ، ۳۱ـی ئاب ڕۆژی رزگاربوون و ئازادکردنی شاری سلێمانی و هەڵەبجەو ڕانیە و پێنجوێن بوو ، ۳۱ـی ئاب رۆژی پاراستنی کوردانی ڕۆژهەڵات بوو لە تیرۆرو لە پاکتاو وقەڵاچۆکردن ، ۳۱ـی ئاب پاراستنی شکۆ و هەیبەتی قه‌ڵاو منارەکەی هەولێری سەربەرز بوو ، لەهێزێکی میلیتاری ستەمکارو ناسیونالیزمێکی کوت وکوێر وتاکڕەو ، ۳۱ـی ئاب وەرچەرخانێکی مێژووی بوو کە ئەمڕۆو ئایندەمان بنیات دەنێت.

شــــوان زراری
ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان

Back to top button