شرۆڤەکارێکی سیاسی: محەمەد شیاع سوودانی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی هەفتانە رێنمایی بۆ دەردەچێت

یاسین عەزیز شرۆڤەکاری سیاسی، رایگەیاند، ” تا ئێستا هیچ یەکێک لە خاڵەکانی ئەو رێککەوتنە سیاسییەی بۆ پێکهێنانی کابینەی سوودانی کرا جێبەجێ نەکراوە، پێش بوونی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی دوو جار سەردانی هەولێری کرد  و لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی کورد کۆبووەوە، بەڵێنی پێدان کە پابەندی هەموو رێککەوتنە سیاسییەکان دەبێت، کە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی کراوە، بەڵام ئێستا وردە وردە دەردەکەوێت کە چوارچێوەی هەمانگی ئامادەیی تێدا نییە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئیداری و سیاسییەکان”.

ئاماژەی بەوەشدا: “دەبوایە ئەو رێککەوتنەی لەنێوان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق کرا ببێتە بنەمایەک بۆ پەسندکردنی یاسای بودجە، بەڵام ئەوەش نەکرا، وەک بینیمان بەشێک لەلایەنەکان پاشگەز بوونەوە لە رێککەوتن و بەڵێنەکانیان”.

ئەو شرۆڤەکارە، دەڵێت: “محەمەد شیاع سوودانی لاوازە لە جێبەجێکردنی ئەو هەموو بەڵێنانە، ئەو لایەنەنانەی کە سوودانیان بەربژێر کردووە، فشاری تەواویان خستووەتە سەر حکومەتەکەی، هەفتانە چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە، لە کۆبوونەوەکان رێنمایی بۆ دەردەچێت و دیارە ئەویش پابەندە، ئەگەرنا بۆچی تائێستا رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق جێبەجێ ناکرێت، سوودانی دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەکاربێنێ، بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتننامانە”.

یاسین عەزیز، راشیگەیاند: “هەرێمی کوردستان کارتی فشاری زۆری بەدەستەوەیە وەک کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی، بابەتی گرتنەوەی ئاو، بەکارهێنانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بۆ فشار خستنە سەر بەغدا، بەتایبەتی لەگەڵ ئەمەریکا دڵنیام کە کاریگەری زۆری دەبێت”.

سەبارەت بەوەی ئایا سەرۆکوەزیرانی عێراق دەتوانێت، بەپێی یاسا دەسەڵاتەکان بەکاربهێنێ و بۆ ئەوەی چیتر کێشە بۆ پشکی هەرێمی کوردستان دروست نەبێت؟ ئەو شرۆڤەکارە جەخت دەکاتەوە: “سوودانی خۆی فاشاری لەسەرە، هەتا پلانی ئەوە هەیە لەم قۆناغەدا سوودانی لە پۆستەکە لاببرێت و جێگرەوەشیان دیاریکردووە، بەگوێرەی زانیارییەکان ئێران پێی گوتون کە ئێستا گۆڕانکاری نەکرێت، چونکە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە پێشە و دۆخەکە ناسکە، با کاریگەری نەرێنی نەبێت”.

Back to top button