سیپان شێروانی: حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم هەفتەیەدا کارتی کارگێڕی لە دژی بەغدا بەکاردەهێنێت
ئەمڕۆ شەممە، 2ـی ئەیلوولی 2023، سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، راگەیاند، بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەر و مووچەخۆران، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی لە یاسای بودجەدا جێبەجێکردوون، ئەگەر چی یاساکە بە رێککەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا پەسندنەکراوە و بەسەرماندا سەپێندراوە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، حکومەتی فیدراڵی پابەندی یاساکە نەبووە و رێککەوتنەکانی پێشێلکردووە.
ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی پێیوایە سوودانی لە بەرژوەندیی کوردا بڕیار دەدات و دەڵێت، “لەو بڕوایەدام محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق یاسا سەروەر دەکات، دەستوور جێبەجێ دەکات و ئەو بڕیارەی کە پێویستە، دەریدەکات
کارتی یاسایی وەکو ئەوەی سیپان شێروانی باسی کرد، دووەم کارتە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە دژی بەغدا بەکاریبهێنێت و ئاماژە بەوە دەدات، “سەرەڕای هەموو تێبینییانەی لەسەر دادگای فیدراڵی هەمانن، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت کارتی یاسایی بەکاربهێنێت و لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆماربکات بۆ ئەوەی کێشەکە یەکلاییبکرێتەوە، هەرچەندە گومانی زۆرمان لە بڕیارەکانی دادگاکە هەن”.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، کارتی سێیەمی دەستی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، کارتی سیاسییە و جەختیش لەوە دەکاتەوە، بڕیارە سیاسییەکە لەلایەن سەرکردایەتی کورد و سەرۆک بارزانییەوە دەدرێت، کارتێکی زۆر بەهێزە و کاریگەریی زۆری دەبێت.