پەیامی سەرۆک بارزانی لەبارەی بارودۆخی کەرکووکەوە
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لەبارەی بارودۆخی كەركووكەوە ماوەی چەند رۆژێكە كۆمەڵێك رێگر و گێرەشێوێن بە بیانووی رێگریكردن لە كردنەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری كەركووك، رێگەی هەولێر و كەركووكیان گرتووە و رێگە نادەن هاووڵاتیان ژیان و هاتووچۆی ئاسایی خۆیان بكەن و دۆخێكی زۆر نالەبار و پڕمەترسیان بۆ خەڵكی كەركووك دروست كردووە.
ئێمە هەمیشە ئەوەمان دووپات كردووەتەوە كە كەركووك دەبێ نموونەی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان پێكهاتەكانی ئەو شارە بێت بەڵام ئەو رەفتارە نابەجێ و نایاساییانە، هەوڵدانە بۆ نانەوەی فیتنە و تێكدانی پێكەوەژیان. جێگەی سەرسوڕمانی زۆریشە كە لەو چەند رۆژەی رابردوودا هێزە ئەمنیەكان و پۆلیسی كەركووك بە هیچ شێوەیەك رێگریان لەو گێرەشێوێنی و رەفتارە نایاساییەی رێگرەكان نەكردووە، كەچی ئەمڕۆ لەبەرانبەر گەنجان و خۆپێشاندەرانی كوردی كەركووك زەبروزەنگ و توندوتیژی بەكارهاتووە و خوێنی گەنجی كورد رژاوە. ئەم جۆرە رەفتارە بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵ نیە و ئەنجامی زۆر خراپی لێ دەكەوێتەوە، و رشتنی خوێنی رۆڵەكانمان لە كەركووك باجی قورسی دەبێت.
لێرەدا داوا لە بەڕێز سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دەكەم كە سنوورێك بۆ ئەو رێگر و گێرەشێوێنانە دابنێن و كۆتایی بەو ستەم و جیاكاری و رێگرییە بهێندرێت كە راستەوخۆ پێكەوەژیان و سەقامگیری كەركووك و ناوچەكانی تر دەكاتە ئامانج.
مسعود بارزانی
2ی ئەیلوولی 2023